رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق، هاونیشتمانییەکی سنووری تۆپزاوا لە کەرکووک بە شەش مانگ زیندانی سزا درا.
ئەو جووتیارەی سزادراوە ناوی (مام ئیبراهیم)ـە و دەڵیت، تاپۆی ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەر دروستکردووە، بەناوی باپیریەوەیەتی.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی بەرگری دەڵێت زەوییەکانی تۆپزاوا موڵکی ئەوانن، لەکاتێکدا موڵکی کوردە و زیاتر لە 20 ساڵە بەشێکی زۆریان خانوویان لەسەر دروستکراوە".
ناکۆکی لەسەر بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاونیشتمانی کورد و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە. لەو نێوانەدا ناکۆکی لەسەر نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی لە تۆپزاوا.
پار بە تۆمەتی "زێدەڕۆیی لەسەر زەوی وەزارەتی بەرگریی عێراق" ئەو وەزارەتە سکاڵای دژی 18 جووتیاری کورد لە تۆپزاوا تۆمار کرد.
ساتع ناسیح دەڵێت: "ئەمڕۆ دادوەر جووتیارێکی بەناوی مام ئیبراهیم تۆپزاوایی بە شەش مانگ زیندانی سزادا، بەڵام جێبەجێکردنی حوکمەکەی راگرت".
لەو 18 جووتیارەی کورد کە سکاڵا دژیان تۆمار کراوە، دۆسیەی 17 یان لە دادگە ماونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ کێشەکانیان یەکلا نەکراوەتەوە.
ئاستەنگی بۆ جووتیارانی کورد لە کەرکووک لەکاتێکدایە، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا گوتی: "ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت، کێشەی تەواوی جووتیارانی سنوورەکەمان بە دۆسیەی 18 جووتیارەکەشەوە لە بەرژەوەندی کورد یەکلایی دەبێتدەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ