رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی مانگێک لە دەستگیرکردنیان لە لیبیا، 24 گەنجی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بە کەسوکاریان شادبوونەوە. ئەو گەنجانە کە دەیانویست لە رێگەی لیبیاوە خۆیان بگەیێننە ئەورووپا، چیرۆکی سەختی و ئازاری نێو زیندانەکانی ئەو وڵاتە دەگێڕنەوە.
دانیار عەلی، یەکێکە لەو گەنجانەی ئازادکراوە. ئەو و 23 هاوڕێکەی، لە بەهاری تەمەنیاندا بە هیوا و خەونی ژیانێکی باشترەوە رێگەی کۆچیان گرتەبەر، بەڵام گەشتە دوور و درێژەکەیان لە لیبیا کۆتایی هات و ناچار بوون بگەڕێنەوە.
دانیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قاچاخچییەکە فێڵی لێکردین. دوای ئەوەی دەستگیرکراین، چیتر بەلاماندا نەهاتەوە، لەکاتێکدا بۆ گەیشتن بە لیبیا سێ هەزار دۆلارمان پێدابوو."
بارودۆخی زیندانەکانی لیبیا و مامەڵەی خراپ، بەشێکی دیکەی چیرۆکی تاڵی ئەو کۆچبەرانەیە. بەڕێز عەلی، یەکێکی دیکە لە ئازادکراوەکان، باسی دۆخی خراپی زیندانەکان دەکات و دەڵێت: "ئێمە هەر ئەو 24 کەسە کورد بووین. زیندانەکان زۆر بچووک بوون، لە ژوورێکی دوو مەتر درێژ و مەترێک پانیدا، چوار کەسیان دانابوو. تاوەکو ئێستاش نازانین بە چ تۆمەتێک دەستگیر کرابووین."
شەپۆلی کۆچی گەنجان لە رێگەی لیبیاوە، ئەرکی باڵیۆزخانەی عێراقی لەو وڵاتە قورستر کردووە. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە رۆڵێکی سەرەکیی لە ئازادکردنی ئەو کۆچبەرانەدا هەبووە، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "لە لیبیا زۆربەی ناوچەکان لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندان. ئەو رێگەیەی گەنجان کۆچی پێدا دەکەن، رێگەیەکی زۆر مەترسیدارە و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو وڵاتە دەبنە قوربانی و گیان لەدەستدەدەن."
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 5 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، کە نزیکەی هەزار و 100 کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون.
زیاتر لە دوو مانگە کۆچی بەلێشاوی گەنجان لە رێگەی پڕمەترسیی لیبیا و توونسەوە سەریهەڵداوەتەوە. مانگی رابردووش، حەوت گەنجی دیکەی سنوورەکە دوای سێ مانگ مانەوە لە زیندانەکانی لیبیا، ئازاد کران و گەڕێنرانەوە بۆ نێو کەسوکاریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ