کشتوکاڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان: بەشێوەیەکی کاتی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیاوە رابگرن

28-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆشداری دەدات لە گواستنەوەی نەخۆشی تەبەق لە رێگەی ئاژەڵە هاوردەکراوەکانەوە لە تورکیا و داواکاری ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ راگرتنی هاوردەکردن بەشێوەیەکی کاتی، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هێشتا نووسراوەکەمان پێنەگەیشتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، سامر خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "بەرزترین ئاستی چاودێری گیراوەتەبەر بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق، ئەمەش دوای ئەو پێشهاتە نوێیانەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە داخستنی هەموو بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵان بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەوە رایانگەیاند."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری رایگەیاندووە، "پێویستە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکرێتەوە بە رێگریکردن لە جووڵەی ئاژەڵ و بەرهەمەکانیان لە تورکیاوە بۆ عێراق لە هەموو دەروازە سنوورییەکان، هاوکات پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازەکانی تورکیاوە دێنە ناو عێراق بە دژە ڤایرۆس پاک بکرێنەوە."
 
سامر خەفاجی دەشڵێت: "رێنمایی کراوە بۆ نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەددین و دیالە کە ئاستی چاودێریی بۆ ئەو ئاژەڵانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە ناوچەکانیان بەرزبکەنەوە و هەر حاڵەتێکی گوماناوی بە نەخۆشیی تەبەقیان تۆمارکرد، دەستبەجێ رایبگەیێنن."
 
بە گوتەی خەفاجی، هاتووچۆکردنی ئاژەڵان لە نێوان پارێزگاکان سنووردار کراوە، "تەنیا رێگە بەوانە دەدرێت کە بڕوانامەی ڤێتێرنەرییان هەیە."
 
هاوکات، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو رێنماییە بەشێوەیەکی کاتییە و بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی تەبەق لە وڵاتدا، چونکە هێشتا نەتوانراوە لە عێراق بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت."
 
د. فەرەیدوون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "تائێستا ئەو نووسراوەمان بە فەرمی بەدەست نەگەیشتووە و هەرکاتێک پێمان گەیشت، لە وەزارەت کۆبوونەوە دەکەین و بڕیاری لەسەر دەدەین."
 
د. فەرەیدوون گوتیشی، "ترانزێتی ئاژەڵی دەرەکیمان زۆر کەمە، زۆرینەی ئەو ئاژەڵە زیندووانەی لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەیان دەکەین بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆیە، نەک ناردنیان بۆ پارێزگاکانی عێراق."
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەم ساڵ زیاتر لە 7000 سەر ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشی تەبەق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 500 سەریان مردار بوون.
 
نەخۆشیی تەبەق تووشی ئەو ئاژەڵانە دەبێت كە دووسمن و كاوێژكەرن، وەكو مانگا.
 
دوو شوێنی سەرەكیی ئاژەڵەكە تووشی ئەم پەتایە دەبن؛ نێو دەمی کە لیكێكی زۆر بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دواتر دەبێتە بڵقی گەورە و ئازاربەخش، کە وای لێدەكات نەتوانێت بلەوەڕێت، لەگەڵیشیدا تووشی شەلی دەبێت و ناتوانێت بڕوات بەڕێدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".