رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی موحەڕەمدا زیاتر لە 338 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هاتووچۆیان کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لەو ژمارەیە زیاتر لە 67 هەزاریان بیانین.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-07-2025 زاهدین چێشمە خاوەر، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری تایبەت بەو زیارەتکارانەی خستەڕوو کە لە مانگی موحەڕەم، بە دەروازەی سنووریی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە.
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکانی شیعەکان دەناسرێت. بە گوتەی زاهدین چێشمە خاوەر، لە مانگی موحەڕەمدا (27-06-2025 بۆ 25-07-2025) لانیکەم 338 هەزار و 523 زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، بە دەروازە سنوورییەکەدا هاتووچۆیان کردووە.
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ئیلام ئاماژەی پێدا، لەو ژمارەیە 271 هەزار و 300یان ئێرانین و 67 هەزار و 223یان بیانین.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە کە بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکاری ئێرانی و بیانی هاتووچۆی پێدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ