رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری، وردەکاریی گەیاندنی نیو ملیۆن دۆلار هاوکاریی خەڵکی کوردستانی بۆ غەززە خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی پەککەوتنی بانکەکانەوە، سەرجەم هاوکارییە داراییەکان لە رێگەی "حەواڵە"وە دەنێردرێن، هۆشداریی دایە خێرخوازان کە وریای ئەو کەسانە بن کە دۆخەکە بۆ "فرتوفێڵ" دەقۆزنەوە. جەختیشی کردەوە کە بانگەشەکانی کردنەوەی دەروازەکان "نمایشی سیاسین" و راستییەکانی سەر زەوی زۆر جیاوازن.
رێکخراوە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکی بێوچاندان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی سڤیلی غەززە. ئەمڕۆ دووشەممە 28-07-2025 حاجی کاروان، سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری، کە وەک یەکێک لە رێکخراوە چالاکەکانی بواری خێرخوازی ناسراوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال لە رووداو، وردەکاریی سەردانێکی مەیدانیی بۆ ئوردن و میکانیزمە ئاڵۆزەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە ئاشکرا کرد.
حاجی کاروان رەخنەی تووند لە میکانیزمی گەیاندنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ غەززە دەگرێت و رایدەگەیێنێت، "80%ی هاوکارییە ئاسمانییەکان دەکەونە هێڵی سوورەوە و بەفیڕۆدەچن، رێگەی زەوینیش بە کردار داخراوە."
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری، کە سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی نیو ملیۆن دۆلاریی رێکخراوەکەی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆرخکاری و بازاڕی رەش، دۆخی مرۆیی ناوخۆی غەززەیان "کارەساتبارتر" کردووە.
حاجی کاروان جەختی لەوە کردەوە، راستییەکانی سەر زەوی زۆر جیاوازن لەوەی لە میدیاوە نمایش دەکرێت و هۆشداریی لەبارەی چەندین دیاردەی مەترسیدارەوە دا.
لە سەرەتای قسەکانیدا، حاجی کاروان باسی لە نوێترین پڕۆژەی گەورەی رێکخراوەکەی کرد، کە بە پاڵپشتیی خێرخوازانی کوردستان ئەنجامی دەدات و گوتی، "سەردانەکەی ئەم دواییەمان بۆ ئوردن، تەنیا سەفەرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بۆ چاودێریکردنی ئەو ئەمانەتە گەورەیە بوو کە خەڵکی کوردستان خستبوویە ئەستۆی ئێمە. لە جەژنی قوربانی رابردوودا، بە بەهای نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار، گۆشتی قوربانیمان لە هیندستان کڕی. هۆکاری هەڵبژاردنی هیندستانیش ئەوە بوو کە نرخی گامێش لەوێ هەرزانترە و بەم شێوەیە دەتوانین زۆرترین سوود بەو پارەیە بگەیێنین کە کۆکراوەتەوە. دوای سەربڕین، گۆشتەکانمان بە شێوەی بەستوو گواستەوە بۆ کارگەیەکی مۆدێرن لە ئوردن و لەوێ کردمانە 125 هەزار قوتووی گۆشتی ئامادەکراو. ئێستا ئەو کاروانە گەورەیە ئامادەیە و چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاوین بۆئەوەی بیگەیێنینە دەستی خەڵکی غەززە."
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم کاری مرۆیی، داخستنی دەروازەکان و سنووردارکردنی رێڕەوەکانی گەیاندنی هاوکارییە. حاجی کاروان رەتیکردەوە کە رێگەی زەوینی بە شێوەیەکی کاریگەر کرابێتەوە، "ئەوەی لە میدیاوە دەگوترێت گوایە 70 بارهەڵگر لە رێگەی میسرەوە چوونەتە ژوورەوە، زیاتر بانگەشەیەکی سیاسییە بۆ کەمکردنەوەی گوشار و تووڕەیی شەقامی عەرەبی و جیهانی. لە راستیدا، ئەو بارهەڵگرانەی لە رێگەی ئوردنەوە رۆیشتوون، ژمارەیان نەگەیشتووەتە 30 بارهەڵگریش. ئەم ژمارە کەمەش بۆ سێ ملیۆن خەڵکی برسی، تەنیا دڵۆپێکە لە دەریایەکدا و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت."
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری، رەخنەی تووندی لە میکانیزمی بەردانەوەی هاوکارییەکان گرت و بە "ناکاریگەر و نمایش" وەسفی کردن. "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانمان لەناو غەززە وەرمانگرتووە، نزیکەی 80%ی ئەو هاوکارییانەی لە ئاسمانەوە فڕێدەدرێنە خوارەوە، دەکەونە هێڵی سوورەوە؛ واتە ئەو ناوچە مەترسیدارانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تووندی هێزە ئیسرائیلییەکاندایە و خەڵکی سڤیل ناوێرێت لێیان نزیک ببێتەوە. بۆیە بەشێکی زۆری ئەو هەوڵانە بە فیڕۆ دەچن و ناگەنە دەستی خەڵکی پێویست."
بە گوتەی حاجی کاروان، "بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی کاریگەرەوە کە بتوانێت چاودێریی بازاڕ بکات، هەندێک بازرگان دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و نرخەکانیان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزکردووەتەوە. بۆ نموونە، سێ مەنجەڵ نیسکی ئامادەکراو، کە دەتوانێت ژەمی چەند خێزانێک دابین بکات، بە هەزار دۆلار دەفرۆشرێت! خەڵکی ناو غەززە خۆیان نەفرەت لەم بازرگانانە دەکەن، بەڵام هیچ دەسەڵاتێک نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، چونکە هەر کەسێک وەکو دەسەڵات دەربکەوێت و هەوڵی رێکخستنی بازاڕ بدات، راستەوخۆ دەکرێتە ئامانجی فڕۆکەکان."
حاجی کاروان، لەبارەی ناردنی پارە بۆ غەززە، روونیکردەوە، "سیستمە بانکییەکان بە تەواوی پەکخراون، بۆیە ناچارین پشت بە سیستمی حەواڵە ببەستین. لێرە پارە رادەستی نووسینگەکانی حەواڵە دەکەین، ئەوانیش لە رێگەی تۆڕی پەیوەندییەکانیان لە تورکیا و وڵاتانی دیکە، پارەکە بە شێوەی کاش لەناو غەززە رادەستی نوێنەرەکانمان دەکەن. کێشەی نەختینەش زۆرە؛ پارەی کاش کەمە و زۆربەی دڕاو و کۆنە."
ئێستا نرخی شیکڵ (دراوی ناوخۆیی لە غەززە) زۆر جیاوازە لە بازاڕەکانی دەرەوە، ئەمەش وادەکات بڕی پارەکە کەمتر ببێتەوە کاتێک دەگاتە دەستی خەڵک.
حاجی کاروان هۆشداریی دایە خێرخوازانی کوردستان و داوای لێکردن زۆر وریای ئەو کەسانە بن کە دۆخەکە بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان دەقۆزنەوە، "بەداخەوە، لەگەڵ زیادبوونی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری، دیاردەی قۆستنەوەی هەستی خەڵکیش لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە سەریهەڵداوە. چەندین حاڵەتمان دەستنیشان کردووە کە کەسانێک بە ناوی رێکخراوی ئێمە یان رێکخراوی ترەوە، داوای هاوکارییان لە خەڵک کردووە. لێرەوە داوا لە خوشک و برایانی خێرخواز دەکەم کە زۆر وریابن و تەنها لە رێگەی رێکخراوی فەرمی و باوەڕپێکراوەوە هاوکارییەکانیان بگەیەنن، بۆ ئەوەی هەست و سۆز و پارەکەیان نەبێتە قوربانیی فرتوفێڵ و فێڵکردن."
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی مەعنەوی کردەوە و گوتی، "هاوکاری تەنیا بە پارە و شتومەک نییە. گەنجێک هاتووەتە لام و گوتوویەتی توانای مادیم نییە، بەڵام وەک هەڵوێستێکی مرۆیی، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە گۆشتم نەخواردووە. یەکێکی دیکە گوتوویەتی هەموو شەوێک نوێژی غائیب بۆ شەهیدەکانیان دەکات. ئەم هەڵوێستانە نرخیان لە پارە زیاترە و نیشانەی زیندوویی ویژدانی گەلەکەمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ