بەربژێرانى یەکێتى و پارتى لە خورماتوو دەچنە نێو لیستە عەرەبییەکانەوە

28-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین بەربژێرانی پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەچنە نێو لیستە عەرەبییەکان. پاساویشیان بۆ ئەو هەنگاوە کەمیى دەنگدەرانی کوردە لە قەزاى خورماتوو.
 
مەلا حەسەن گەرمیانى، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "یەک بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە، ئەویش لەنێو لیستى هاوپەیمانیى جەماوەرییە، کە لیستێکى عەرەبییە."
 
بەربژێرى یەکێتى بۆ ئەو هەڵبژاردنە ناوى یاسین محەممەد عەلی-یە و لە ریزبەندیى 25ى لیستى هاوپەیمانیى جەماوەریدایە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین.
 
مەلا حەسەن گەرمیانى گوتى، "بەهۆى کەمیى ژمارەى دەنگدەرانى کورد پەنامان بۆ ئەوە بردووە کە بەربژێرەکانمان لە لیستێکى عەرەبیدا بن بۆ بەدەستهێنانى دەنگ."
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین 19 کورسییە، چواریان بۆ کۆتای ژنانە. زۆرینەى دەنگدەرانى کورد لە سنوورى قەزاى خورماتوون کە ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەولێردا.
 
پارتیش هاوشێوەی یەکێتی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین یەک بەربژێری لەنێو لیستێکی عەرەبیدا هەیە.
 
بەختیار هیجران، بەرپرسی لیژنەى ناوچەى پارتى لە خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە یەک بەربژێرى ژن بەشداریى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین دەکەن، ئەویش لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیى حەسم، کە ژمارەیەک پارتى عەرەبی سوننەى پێکیانهێناوە.
 
بەختیار هیجران ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە ساڵى 2021، دوو هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، بۆیە ئەو ژمارەیە وەکو لیستى سەربەخۆ بەشی کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا ناکات، لەبەر ئەوە چووینەتە نێو لیستێکى دیکەوە."
 
بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین ناوى تارا محەممەدە، لە ریزبەندیى ژمارە 12ى لیستى هاوپەیمانیى حەسمى عەرەبیدایە.
 
بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023دا هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.