رووداو دیجیتاڵ
لە بنکەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆف بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆک هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و دووی دیکە بریندار بوون. بەرپرسی میحوەرەکە دەڵێت، دوو بریندارەکە پێشمەرگەن و لە نەخۆشخانەی فریاگوزاریی دهۆک چارەسەر دەکرێن.
کاژێر، 12:30ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 28-08-2024) لە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆفی سەر بە قەزای تلکێفی پارێزگای نەینەوا، نارنجۆکێک لە دەستی هاونیشتمانییەکدا تەقییەوە کە لە ئەنجامدا خۆی گیانی لەدەستدا و، دوو پێشمەرگەش بریندار بوون.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری تلسقۆف لەوبارەوە بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، موقەدەمێکی خانەنشینکراوی پێشمەرگە لەگەڵ برازاکەی سەردانی پێشمەرگەیەکیان کردووە و دوای گەیشتنیان بۆ بنکەکە، نارنجۆکێک لە دەستی ئەو هاونیشتمانییەدا تەقیوەتەوە.
وەک سەربەست بابیری ئاماژەی دا، هەردوو بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاگوزاریی دهۆک، تەندروستیان جێگیرە.
بەگوتەی بەرپرسی میحوەری تلسقۆفی پێشمەرگە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بەدواداچوون بۆ چۆنێتیی رووداوەکە دەکات.
بەپێی زانیارییەکان ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە، ناوی ''دیفاع گولی''ـیە و خەڵکی زاخۆیە، کاتێک لەگەڵ مامی چووەتەوە ئەو خاڵەی پێشمەرگە، دەستکاری نارنجۆکەکەی کردووە و پێیدا تەقیوەتەوە.
یەکێک لە برینداران ناوی موقەدەم عیسا ساڵح، تەمەن 58 ساڵە کە پێشمەرگەی خانەنشینە و بریندارەکەی دیکەش پێشمەرگەیەکی تەمەن 43 ساڵە بە ناوی فازڵ عیسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ