رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی سەربازی لەبارەی رووداوەکانی لالەزار و دانپێدانانەکانی تۆمەتباران رەخنە لە شێوازی دەستبەسەرکردن و دانپێدانانەکان دەگرێت و بە "نایاسایی"یان دەزانێت، دەڵێت: "دانپێدانانەکان پەلەیان لێکراوە".
لیوا محەممەد سابیر هەمەوەندی، لیوای خانەنشین و پسپۆڕی سەربازی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات جەختیکردەوە کە دانپێدانانەکانی تۆمەتباران "شێوەی ئاسایی خۆی وەرنەگرتووە" و "زۆر پەلەیان پێکراوە". ئەو پێیوایە ئەو کەسانە ئێستا "دیلن و لەژێر ترس و گوشاردان"، بۆیە ئەو دانپێدانانە "لە یاسادا بە هەند وەرناگیرێن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "گوشارێکی زۆر" لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە لە ناوەوە و دەرەوە، ئەمەش وایکردووە پەلە لە لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی ئەنجامەکاندا بکرێت.
سەبارەت بە ئەگەری کودەتا، لیوا محەممەد سابیر بە پشتبەستن بە شارەزایی سەربازی و یاسایی خۆی، رەتیدەکاتەوە کە رووداوەکە کودەتا بووبێت و دەڵێت: "کودەتا لە دنیا ئێستا زۆر زەحمەتە، کودەتا هەر ناکرێت." بە بۆچوونی ئەو، ناتوانرێت تەنیا بە چەند قەناسێک یان درۆنێک سەرکردایەتی یەکێتی بگرێت. جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەیەکی وەک بافڵ تاڵەبانی، بە تەنیا نییە و سەدان و هەزاران کەس لە دەوروبەرین. "ئەگەر سەرکردەکەش بکوژرێت، ئامانجەکە ناپێکێت، چونکە هێزی یەکێتی کۆتایی نایەت."
لیوا محەممەد سابیر پێیوایە پێویستە پێداچوونەوە بە رووداوەکەدا بکرێت و زیاتر روونبکرێتەوە چونکە "کودەتا نییە."
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای زیاتر لە سێ کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکى بەرەى گەل و خوشک و برایەکی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ