رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سیستمی گازی ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
هەیسەم بەربهاری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لەنێو ماڵێکی گوندی باستیک بووە لەسەر رێگەی دهۆک-زاخۆ و دوو کەسیش بریندارن.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو چووە نێو ئەو ماڵەی ئۆتۆمبێلەکە تێیدا تەقییەوە. وەکو لە دیمەنەکان دەبینرێن، ماڵەکە زیانی زۆری پێگەیشتووە.
پەیامنێری رووداو گوتی، شۆفێرەکە سیستمی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکەی لە بەنزینەوە گۆڕیوە بۆ گاز، بەڵام هێشتا هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە نازانرێت.
پەیامنێری رووداو لە زاری چەند شاهێدحاڵێکی نزیک رووداوەکەوە گوتی، سەعید ئیسلاح و محەممەد ئیسلاح، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە برای یەکدی بوون و تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 20 ساڵان بوو.
پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کیا سۆرینتۆیە. حەیدەر دۆسکی گوتی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ