رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە چەمچەماڵ روویدا و بەهۆیەوە 7 کەس برینداربوون؛ بە گوتەی تەندروستیی چەمچەماڵ، چواریان برینەکەیان سەختە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئابی 2025، د. نوورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکی کاژێر 04:00ی دوانیوەڕۆ، لەسەر رێگەی نێوان تەکیە – چەمچەماڵ، پێکدادان لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرایسلەر روویدا و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون."
د. نوورەدین گوتی، "ئەو حەوت کەسەی برینداربوون ئەندامی دوو خێزانن و سەرجەمیان سەرنشینی کرایسلەرەکە بوون، شۆفێری بارهەڵگرەکە بریندار نەبووە."
بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، "چوار لە بریندارەکان کە دوو هاوژین و دوو منداڵن، ئەندامی یەک خێزانن، لەبەر سەختی برینەکانیان رەوانەی سلێمانی کراون و ژیانیان لە مەترسیدایە. خێزانە سێ کەسییەکەش شکاوی و برینیان هەیە، بەڵام برینەکانیان جێگەی مەترسی نییە."
بە گوتەی د. نوورەدین جەلال، "خێزانە سێ کەسییەکە هەر لە چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێن و دواتر رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ