رووداو دیجیتاڵ
لێپرسینەوە لە سەرۆکی شارەوانی سنە دووخرا. سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی پارێزگاکەش دەڵێت، پاشگەز نەبوونەتەوە تەنیا دواخراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، فەرزاد زارعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری سنە رایگەیاند، "لەسەر داواکاری سەرۆکی شارەوانی لێپرسینەوە لەگەڵیدا دواخرا و دوای تەواوبوونی کاتەکە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
فەرزاد زارعی گوتی: "بەپێی یاسا سەرۆکی شارەوانی سنە دوای 10 رۆژ مۆڵەتی کرد، ئەوەش مانای ئەوەی نییە لێپرسینەوە لەگەڵدا ناکرێت."
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی سنە، لە لێپرسینەوە لە سەرۆکی شارەوانی پاشگەز نەبوونەتەوە تەنیا چاوەڕێی تەواوبوونی مۆڵەتە 10 رۆژییەکە دەکەن. گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین."
رۆژی 23ـی ئابی 2025، فەرزاد زارعی رایگەیاندبوو، "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سنە لە نامەیەکدا گوتوویانە شار بە کردەوە لە وەستاندایە و بەردەوامی چالاکییەکانی سەرۆکی شارەوانیی سنە بەڕێوەبردنی شارەکە پەکدەخات، بۆیە داوای لێپرسینەوە دەکەین."
زارعی راشیگەیاندبوو، کۆبوونەوەی لێپرسینەوە لە ئەنوەر رەشیدی، سەرۆکی شارەوانیی سنە رۆژی 26ـی ئاب کاژێر 5ـی ئێوارە بە کاتی سنە بە ئامادەبوونی ئەنجوومەنی شار و ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەدەچێت.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی سنە لەبەر 9 هۆکار لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی دەکرێت:
1. رێکنەخستنی فرۆشیارانی سەر شەقام و دەستفرۆشانی نێوشار
2. جێبەجێنەکردنی یاسایەکانی ئەنجوومەنی شار، بەتایبەتی لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان
3. دانانی بەڕێوەبەرانی شارەوانی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و رێسا و مەرجەکانی بڕوانامە
4. دواکەوتنی تەواوکردنی پڕۆژەکانی نێو شار
5. ناڕازیبوون لە شێوازی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری شارەوانی
6. رێگەدان بە بیناسازی نایاسایی لە نێوشار
7. مامەڵە لەگەڵ بەڵێندەری تایبەت
8. نەدانی مووچەی مانگانە بە کارمەند و کرێکارانی شارەوانی سنە
9. کەڵک وەرنەگرتن لە توانایی مرۆیی 2500 کەسی شارەوانی و سپاردنی کارەکان بە بەڵێندەر
ئەنوەر رەشیدی لە 03-10-2021 لەلایەن هەر 9 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سنە وەک سەرۆکی شارەوانیی سنە هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ