رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، وەزارەتەکەیان خاوەنی زیاتر لە 6 هەزار موڵکە و بەشی زۆریان بە کرێ دراون. دەشڵێت: "بۆ خێراترکردنی کاروباری هاووڵاتییان و ئاگاداربوون لەوانەی کرێکانیان دوادەخەن، کارەکان بە دیجیتاڵی دەکرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک موڵک هەن هی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین و بەکرێ دەدرێن، یان خەڵک دێن و داوا دەکەن کە موڵکەکانیان بخەنە سەر وەزارەت تەنانەت دوای مردنیشیان، ئەمەش رێکاری زۆری پێویست بوو و هاووڵاتییانی ماندوو دەکرد، بۆیە هەموو ئەو کارانە بە دیجیتاڵی دەکەین."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، بەهۆی ئەم سیستمەوە کرێچیی موڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف لە مۆبایلەکانیانەوە ئاگاداری هەموو مامەڵەکانیان دەبن؛ وەکو کاتی پێدانی کرێ، ماوەی گرێبەستەکەی، بڕێ کرێیەکەی."
وەزارەتی ئەوقاف زیاتر لە 6 هەزار موڵکی هەیە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت: "زۆربەی موڵکەکان بە کرێ دراون، پێشتر بە سیستمی کۆن بەکرێمان دابوون، ئەمەش زۆرکات کێشەی دروست دەکرد و ئێمە و هاووڵاتییانیشی ماندوو دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەم سیستەمەوە ئیتر بە ئاسانی دەزانین کێ کرێیەکەی دواخستووە تاوەکو لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەین."
پرۆژە دیجیتاڵییەکەی وەزارەتی ئەوقاف لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و لە ماوەی داهاتوودا بە فەرمی دەکەوێتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ