رووداو دیجیتاڵ
بۆ دووەمجار دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دواخرا. بەرپرسێکی باڵای جووڵانەوەکە دەڵێت: "دادگاییکردنەکە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بوو، شەش کەس شایەتییان لە بەرژەوەندیی کاک شاسوار دا."
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10:00ـی شەو بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرا، رۆژی 21ـی ئاب بردرایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، بەرپرسێکی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بۆ دووەمجار دادگاییکردنی کاک شاسوار بەڕێوەچوو، شەش کەس ئامادەبوون و لە بەرژەوەندیی کاک شاسوار شایەتییان دا، دوای نزیکەی سێ کاژێر دانیشتنەکە بۆ 2ـی ئەیلوول دواخرا."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "گوایە هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە ئەوەیە کە دادوەر لە یەک رۆژدا ناتوانێت هەم شایەت وەربگرێت و هەمیش بڕیار بدات، بۆیە دانیشتنەکەیان دواخستووە."
دەستگیرکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ لەسەر سکاڵایەکی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە، کە لە ساڵی 2019 تۆماریکردووە. پارێزەری سکاڵاکار رایگەیاندووە، بە سزای شەش مانگ بەندکردن رازین.
ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ گوتی: "هەر ئەم دۆسیەیە هەیە و لەسەر هەمان دۆسیە دادگایی کرا، بەڵام شادی نەوزاد ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو و تەنیا پارێزەرەکەی ئامادەبوو."
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندبوو، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندیی بە بانگەوازەکەی ناوبراوەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان.
د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، رۆژێک دوای دەستگیرکردنەکەی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی کرد و بە رووداوی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ