رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، لەسەر رووداوی ژەهراوییبوونی بەشداربووانی ئاهەنگی بووکگواستنەوەکەی قەزای حەویجە، سێ کەس دەستگیرکراون. گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووکیش گوتی، بەشێک لەو کەسانەی ژەهراویبووی ببوون بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، دوای ئەوەی چارەسەریان بۆ کراوە هەموویان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، عامری نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون، خواردنی ئاهەنگەکەیان ئامادەکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "ئەوان لە کاژێر 08:00ـی بەیانی لەفەیان بۆ بەشداربووانی ئاهەنگەکە ئامادەکردووە، 10:00ـی شەو دابەشکراوە، بۆیە بەهۆی زۆری مانەوە، خواردنەکە تێکچووە و ئەوانەی خواردوویانە ژەهراویبوون".
عامری نووری رەتیکردەوە، زاوا و خاوەن هۆڵی بووکگواستنەوەکە دەستگیرکرابن و گوتی، "تەنیا ئەو کەسانەی ماڵی زاوا دەستگیرکراون کە دەستیان لە ئامادەکردنی خواردنەکەدا هەبووە".
سامانە یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023 بە رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 100 کەس لەوانەی ژەهراوییبوون بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، سەرجەمیان چارەسەری تەندروستییان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، دوایین کەسیان بەیانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی جێهێشت".
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی، بەشێکی دیکە لەوانەی ژەهراویبوون نەچوونەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
شەوی چوارشەممە، 27-9-2023، لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەدا لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەهۆی خواردنی تێکچووەوە تەواوی ئامادەبووانی ئاهەنگەکە ژەهراوییبوون. عەمید فەتاح مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویجە بە رووداوی گوت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداریی ئاهەنگەکە بوون 150 کەس بووە و سەرجەمیان ژەهراوییبوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ