رووداو دیجیتاڵ
بانگخوازێکی ئیسلامیی دەڵێت، لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی، لە نمایشێکدا "سووکایەتی بە نیقاب و ئاینیی ئیسلام کراوە." زانکۆکەش دەڵێت: "ئەمە تەنیا نمایشێک بووە بۆ پیشاندانی خەبات دژی داعش".
لە دوای دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی، شەوی رابردوو سەمایەکی جیاواز لەنێو کۆنسێرتێکی (هونەرگەها وڵات) لە زانکۆکە بەڕێوەچوو، لە بەشێکی کۆنسێرتەکەدا شەش ئافرەت نمایشێکیان کرد، لە نمایشەکەدا جلوبەرگێکی تەواو داپۆشراویان فڕێدا و بە جلوبەرگی کوردییەوە نمایشیان کرد، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
حاجی کاروان، بانگخوازی ئیسلامیی لە هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زانکۆی ئەمریکی ئەو نمایشەی کراوە کە ژمارەیەک ئافرەت بە جلی باڵاپۆشی و نیقابەوە دەچنە سەر تەختەی نمایش و جلەکانیان فڕێدەدەن و جلی دیکەیان لەبەردایە، سووکایەتییە بە نیقاب".
ڤیدیۆی چالاکییەکە هەیە و تێیدا دەردەکەوێت، شەش ئافرەت بە جلی داپۆشراو و لە شێوەی نیقاب بە رەنگە سادەکانی سوور، زەرد، رەساسی، سەوز و رەش و سپییەوە دەردەکەون و دوای نمایشێک جلە داپۆشراوەکان فڕێدەدەن و لە ژێرەوە جلی پیاوانەی کوردییان لەبەردایە.
حاجی کاروان دەڵێت: "جلەکانی دوای نیقابەکە رەنگاوڕەنگن وەکو هێمایەک بۆ ئاڵای هاوڕەگەزخوازان، ئەمەش سووکایەتی نەبێ بە گەلێکی موسڵمان هیچی دیکە نییە، منیش داواکاری و سکاڵام گەیاندووە بە داواکاری گشتی، چونکە ئەوەیە سووکایەتییە بە ئاینی زۆرینە و گشتی".
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو رەنگەی ئافرەتەکان پۆشیویانە، جیاوازە لە رەنگەکانی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان، وەک حاجی کاروان بانگەشەی بۆ دەکات.
جگە لە حاجی کاروان، ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاوکرایەوە، بەشێک "بە سووکایەتی بە جلوبەرگی ئیسلام" پێناسەیان کردووە و بەشێکیش بە ئاسایی دەزانن.
هەڵکەوت چەلەبی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم بڕگەیەی چەند کەسێک بە هەڵە لێی تێگەیشتوون، سووکایەتی نییە بە ئاینی ئیسلام، بەڵکو باسی خەباتی رۆژئاوای کوردستانە دژی داعش، کە هەموومان و پێش ئێمەش ئیسلامییە بەڕێزەکان دەزانن داعش ئیسلام نییە و گرووپێکی تیرۆرستین".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی گوتیشی: "گرووپەکە بە نمایشەکە ویستیان خەبات دژی داعش بخەنەڕوو، ئەگینا زانکۆی ئەمریکی و گرووپی هونەرگەی وڵاتیش رێزێکی زۆر لە هەموو ئایینەکان دەگرن و هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە رێز لە نیقاب نەگیرێت، بەهیواین گەورە نەکرێت و هەڵەتێگەیشتن دروست نەبێت، چونکە ئەوە جگە لە هونەر هیچی دیکە نەبوو".
نمایشەکە وەکو پاشکۆیەک دوای دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی پێشکێشی ئامادەبووان کرا. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەمان گرووپ کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە میوانی شاری سلێمانین، چەند نمایشێکی دیکە لە شارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ