رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکەیان "بەبێ ئاگاداریی پارێزەرەکانی" بە دۆسیەیەکی نوێوە براوەتە بەردەم دادوەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاسوار عەبدولواحید لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە براوەتە دادگەی سلێمانی بۆ دادگاییکردن لەسەر دۆسیەیەکی نوێ.
بەگوێرەی نەوەی نوێ بۆ رووداو: "ئێستا کاک شاسوار لە دادگەی سلێمانییە، بەبێ ئاگاداریی خۆی و پارێزەرەکانی لەپڕ براوەتە دادگە ئێمەش نازانین دۆسیەکەی چییە".
بەگوێرەی زانیارییاکانی رووداو، شاسوار عەبدولواحید بە مادەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ئەمڕۆ براوەتە بەردەوام دادوەری لێکۆڵینەوە.
لە مادەکەدا هاتووە، ئەوەی تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، "سزادەدرێت بە حەپسکردن کەمتر نەبێت لە 6 مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ و بە پێبژاردن کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار و زیاترنەبێت لە پێنج ملیۆن دینار یان بە یەکێک لەم دوو سزایە".
شاسوار عەبدولواحید، یەکەم جار لە 12-08-2025 کاژێر 10:00ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ