رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری (مەسەدە) لە واشنتن دەڵێت، "مەترسیی هەیە" لە بەرامبەر فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا، ئەمریکا چاوپۆشی لە هێرشێکی نوێی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بکات.
پاش بەشداریی شاندی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر جیاوازیی قووڵی نێوان وێنەی دیپلۆماسی و واقیعی تاڵی سووریا.
سینەم محەممەد هۆشداری دا لەوەی رۆژئاوای کوردستان بکرێتە قوربانیی رێککەوتنە سیاسییەکان و جەختی کردەوە چارەنووسی سووریا نابێت بەبێ بەشداریی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان دیاری بکرێت.
شاندێکی یەکڕەنگ
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، سینەم محەممەد، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی رووداو، رەخنەی تووندی لە پێکهاتەی شاندی حکومەتی سووریا گرت و رایگەیاند: "ئەو شاندەی هاتبوو، هەموویان یەکڕەنگ بوون. من کەسم نەبینی لە پێکهاتەکانی سووریاوە، وەک کورد، درووز، عەلەوی و کریستیان، بەشدارییان تێدا کردبێت."
نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا پێیوایە، ئەمە پەیامێکی روونە لەلایەن حکومەتی نوێی دیمەشقەوە کە دەیانەوێت بڵێن، "ئێمە حوکمی سووریا دەکەین و هەمووان دەبێت ملکەچی ئێمە بن." ئەمەش بە بڕوای ئەو، پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیانە و دەرخەری ئەوەیە کە هێشتا دیدگایەکی گشتگیر و فرەلایەن بۆ ئایندەی سووریا نییە.
مەرجەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەحمەد شەرع
سەرەڕای رەخنەکانی، سینەم محەممەد گوتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، سێ خاڵی سەرەکییان وەک مەرج بۆ هەر حکومەتێکی داهاتووی سووریا داناوە، کە لە کۆبوونەوەکاندا بە ئەحمەد شەرع گوتراوە: یەکەم، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا. دووەم، پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش و گشتگیر کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا تێیدا بەشدار بن. سێیەم، پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، لەوانەش کورد، عەلەوی، درووز و کریستیان، لەگەڵ رێگەدان بەوەی هەر هەرێمێک بتوانێت خۆی بەڕێوەببات.
سینەم محەممەد دەڵێت: "ئەم خاڵانە وەک نەخشەڕێگایەکی سەرەتایی بۆ هەر چارەسەرێکی سیاسی لە داهاتوودا سەیر دەکرێن."
نوێنەری مەسەدە جەختی لەسەر جیاوازیی قووڵی نێوان قسە و کردار کردەوە و گوتی: "ئەو شتەی لە نیویۆرک روویدا، لەسەر خاکی سووریا تەواو پێچەوانەکەیەتی. لە نیویۆرک باس لە حکومەتێکی دیموکرات و پێکەوەژیان دەکرا، بەڵام لە واقیعدا خەڵکی سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ناڕازین لە سیاسەتەکانی حکومەتی شام."
ترەمپ و شەرع و گومانەکان
سەبارەت بە دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سینەم محەممەد گوتی، ترەمپ بە گەرمی پێشوازی لێکردووە و تەنانەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا ستایشی شەرعی کردووە، بەڵام ئەو، ئەم پێشوازییە بە گومانەوە سەیر دەکات.
سینەم محەممەد دەڵێت: "ئێمە دەزانین ترەمپ کەسێکی بازرگانە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەمە پشتیوانییەکی سیاسیی راستەقینەیە بۆ دیموکراسی لە سووریا، یان تەنیا بازرگانی و رێککەوتنێکی کاتییە؟"
گەورەترین نیگەرانیی نوێنەری مەسەدە لەوەدایە کە رۆژئاوای کوردستان ببێتە قوربانیی رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا: "کۆنگرێس و پێنتاگۆن نایانەوێت شەڕێکی نوێ لە رۆژئاوای سووریا رووبدات، بەڵام ئێمە دەزانین هەمیشە بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا هەیە. مەترسییەکە لەوەدایە کە لە بەرامبەر پێدانی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا، چاوپۆشی لە هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەکەمان بکرێت."
پرسی کورد لە دیدی ئەحمەد شەرعەوە
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەحمەد شەرع بەرامبەر پرسی کورد، سینەم محەممەد رایگەیاند، سەرەڕای قسە گشتییەکانی لە نیویۆرک، هێشتا هەڵوێستی کرداریی ئەو روون نییە: "کاتێک باس لە مافی پێکهاتەکان دەکات، روون نییە ئایا ئامادەیە دان بە مافە سیاسی و ئیدارییەکانی کورد دا بنێت لە چوارچێوەی سووریایەکی فیدراڵیدا یان نا. هەموو شتێک هێشتا تەمومژاوییە و جێگەی پرسیارە."
چارەنووسی کەمپی هۆل
یەکێک لەو شوێنانەی لە سووریای نوێ قسەی لەسەر دەکرێت، کەمپی هۆلە لە رۆژئاوای کوردستان، کە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشی تێدایە. لەسەر چارەنووسی ئەم کەمپە لە ماوەی رابردوو کۆنفرانسێک لە واشتن بەڕێوەچوو.
سینەم محەممەد رەخنەی تووندی گرت لەوەی کە نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رێڤەبەریی خۆسەر بانگهێشت نەکراون. پێیوابوو: "ئەمە کارێکی هەڵەیە. چۆن دەکرێت باس لە چارەنووسی کەمپێک بکرێت کە هەسەدە بەڕێوەی دەبات و پارێزگاریی لێدەکات، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری ئەوان؟".
سینەم محەممەد گوتیشی: "ئێمەش وەک ئەوان داوا دەکەین وڵاتان هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، چونکە کامپی هۆل هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان."
یەکڕیزیی کورد
سینەم محەممەد پەیامێکی روونی ئاڕاستەی گەلی کورد کرد و رایگەیاند لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا، کلیلی سەرکەوتن و مانەوەی کورد لە یەکڕیزی و پشت بەخۆبەستندایە. ئەو جەختی کردەوە کە نابێت کورد چاوەڕێی ئەوە بێت کەسانی دیکە مافەکانی بۆ دابین بکەن، بەڵکو دەبێت خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ