رێبەر ئەحمەد: لە داهاتوویەکی نزیکدا درۆن بۆ کوژاندنەوەی ئاگر بەکاردەهێنین

28-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆ پڕۆژەی رێبەری سەلامەتی رادەگەیێنێت و دەڵێت، دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەنزینخانەکان و سەرجەم شوێنە گشتییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، ''جێبەجێکردنیان، ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە کەم دەکاتەوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-09-2025، وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، پڕۆژەی رێبەری سەلامەتی راگەیاند.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد رایگەیاند، ''هەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەوەی توانای دامەزراوەکانمان هاوشانی بنەما جیهانییەکانی کارکردن بەرز بکەینەوە و بە لێهاتوویی نوێ و کەرەستەی سەردەمیانە توانادار بکرێن.''
 
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە تواناکانی بەرگریی شارستانی کرد و گوتی، ''ئەمڕۆ لە قۆناخی زێڕینی ئامادەییداین بۆ وەڵامدانەوە و باشترین جۆرەکانی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە بە قەبارەی گەورە و بچووک بەردەستی تیمەکانی بەرگریی شارستانین، رۆژانە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بەکاردەهێنرێن.''
 
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، توانای بەرگریی شارستانی ساڵ لەدوای ساڵ بەرز دەبێتەوە، ''بەردەوام سوودمان لە دەرفەتەکانی راهێنان لە هەموو جیهان وەرگرتووە. لە داهاتوویەکی نزیکیشدا دەبینین کە لە کوردستان، تەکنەلۆژیا و درۆنی پێشکەوتوو لە کۆنترۆڵکردنی ئاگردا بەکاردەهێنرێت.''
 
لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتیی کۆدەکانی رێبەری سەلامەتی دەکات کە 05-01-2021 بە فەرمانێکی وەزاری پێکهێندرا. رێبەر ئەحمەد دەڵێت، ''ئەرکی ئامادەکردن و نووسینی رێبەر و کۆدەکانی سەلامەتییان لەئەستۆ گرتووە، تاوەکو ژێرخانی کوردستان بە پتەوی بونیات بنرێتەوە.''
 
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دوای چوار ساڵ لە پێکهێنانی لیژنە وەزارییەکە، ''هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار دەبێتە خاوەنی کۆد و ستانداردی تایبەت بە خۆی لە بواری سەلامەتییەوە، کە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێتە خاوەنکار و وەزارەتەکان و، دەبنە دەستووری بونیاتنانی باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون، وێستگەکانی سووتەمەنی، گازی شل و گواستنەوەی مادە مەترسیدارەکان.''
 
رێبەر ئەحمەد داوا لە وەبەرهێنەران، خاوەنکاران و خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکات کە پابەندی کۆدەکانی رێبەری سەلامەت بن، ''چونکە جێبەجێکردنیان، ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە کەم دەکاتەوە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.