رووداو دیجیتاڵ
دوای شەش رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، ئەمڕۆ مقەدەم پوشۆ خالید شەهید بوو.
مقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەی "شاری راوێژکاری پزیشکی" چارەسەری وەردەگرت، بەڵام ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پۆشو خالید ئەمڕۆ نزیک کاژێر 07:30ـی بەیانی شەهید بوو.
مقەدەم پوشۆ بووە چوارەم شەهیدی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکەی 22ـی ئۆکتۆبەری قەرەچووخدا شەهید بووبێت.
بۆ کۆچی دوایی مقەدەم پوشۆ خالید، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، مقەدەم پوشۆ خالید، دوای چەند رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.
تەرمی مقەدەم پوشۆ رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر کراوە.
لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبوون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبوو.
19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
دواتر هێزەکانی پێشمەرگە داوایان کرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و کاژێر 4:00ـی ئێوارەی 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوو.
دوای ئاڵۆزییەکان و هاتنەسەرهێڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە هێورکرایەوە و کۆتایی بە گرژییەکان هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ