ئاوی هەرێمی کوردستان: کێشەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتاییهات

28-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ساڵانێک لە کێشەی کەمیی ئاو لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەکە کۆتاییهاتووە. بە گوتەی ئەو، "وەرزی هاونیش 100% کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر نابێت".
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا لە هەولێر هیچ کێشەی ئاو نەماوە، هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر لە تاقیکردنەوەدایە".
 
20ـی تەمموزی ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکدا هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر کرایەوە و ئاوی گەیاندە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغلومنارە و ژیان، بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێگەیشت.
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی: "هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر لە تاقیکردنەوەدایە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی شاری هەولێرەوە".
 
پڕۆژەکە چوار هێڵە. هێڵی دووەمی ئاو دەگەیێنێتە نێو و دەرەوەی شەقامی 150 مەتری هەولێر، لەوانە بەحرکە، گردجووتیار، سێبەردان و چەندین گەڕەک و گوندی سنوورەکە.
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا کەمیی ئاو لە هەولێر سەرهەڵدەدات و ناڕەزایی خەڵکی لێدەکەوێتەوە. ئاری ئەحمەد گوتی: "ئێستا هیچ کێشەی ئاو نەماوە، وەرزی هاوینی داهاتووش هیچ کێشە نابێت و 100% کێشەکە چارەسەر کراوە".
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێ.
 
بڕیارە ئەم ساڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بێت و کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر چارەسەر بکات.
 
پڕۆژەکە لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێ.
 
08-09-2024، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناخه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێری دانا.
 
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، بیرەکان دابخرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە