رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا داوای لیستی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بۆ هاوتاکردن، ئەوانیش چاوەڕێن وەزارەتی دارایی زانیارییەکان بۆ بەغدا بنێرێت.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جیا لە داواکردنی هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، 13 هەزار ناوی نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت رادەستی بەغدا کراوە".
پێشتر شاندی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق بۆ داوای هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ناونووسینی خاوەن پێداویستی نوێ چەند دیدارێکیان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بێ ئەنجام بوون.
زەکیە سەید ساڵح گوتی، بەغدا داوای کردووە بە لیستێک بڕی ئەو پارەیە دیاری بکرێت بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا.
ئێستا ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە هەرێمی کوردستان هیچ مووچەی دیکەیان نەبێت مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی مووچەی دیکەیان هەبێ فەرمانبەری حکومی یان کەرتی تایبەت بن مانگانە 100 هەزار دینار وەردەگرن.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەغدا داوای لیستی تێچووی کردووە بۆ هاوتاکردنەکە و دەبێت وەزارەتی دارایی بۆیان بنێرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی گوتیشی: "بەغدا بڕیاری کۆتایی لەسەر لیستەکە دەدات، بەڵام ئێستا بودجەی ساڵانی 2024 و 2025 دەنگی لەسەر دراوە و لە کۆتاییدایە، بێگومان کارکردن لەسەری دەکەوێتە بودجەی ساڵی 2026 و لەوێ تاوتوێ دەکرێت".
هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ رووداو، ئێستا نزیکەی 76 هەزار هاونیشتمانی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن.
ئەگەر مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتەکان هاوتای عێراق بکرێت، مووچەکەیان دەبێتە 250 هەزار دینار، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی خێزان و ئەندامانی خێزانەکە بڕە پارەیەکی دیکەیان پێدەدرێت.
ساڵی رابردوو بۆ یەکەم جار مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای هاوتاکردن کەمترینی بووە 500 هەزار دینار، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش چاوەڕوانی هاوتاکردنەکەن بۆ زیادکردنی مووچەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ