سایلۆی هەولێر: تەنیا 25٪ی پارەی گەنمی جووتیارانمان لە بەغداوە بۆ هاتووە

28-10-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
   سایلۆی هەولێر. وێنە: رووداو
سایلۆی هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر سکاڵا لە دواکەوتنی پارەی گەنمی ئەمساڵیان دەکەن، بەرپرسێکی حکومیش دەڵێت، حکومەتی عێراق تەنیا نزیکەی یەک لەسەر چواری شایستە داراییەکانیانی ناردووە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕەکە زۆر کەمترە.
 
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو، رایگەیاند: "کۆی گشتیی پارەی گەنمی وەرگیراو لە جووتیاران 97 ملیار و 779 ملیۆن دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 25 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشتووەتە دەستمان."
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەو بڕە پارەیەی نێردراوە، تاوەکو ئێستا شایستەی دارایی 1163 جووتیار خەرجکراوە، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر چواری کۆی ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەستی سایلۆ کردووە.
 
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی پارەکە، میران بەختیار گوتی، "ئێمە پەیڕەوی ئەو سیستمە دەکەین کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دایناوە، ئەویش ئەوەیە کە لە قۆناخی یەکەمدا پارەی ئەو جووتیارانە خەرج دەکرێت کە 50 تۆن گەنم یان کەمتریان رادەست کردووە." روونیشیکردەوە کە دوای تەواوبوونی ئەو لیستە، دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیارانی دیکە دەکرێت.
 
میران بەختیار جەختیشی کردەوە کە ئەمساڵ بڕی پارەی تەرخانکراو لەلایەن بەغداوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو "زۆر کەمترە". گوتیشی: "چاوەڕێین بەغدا قۆناخی دیکەی پارەمان بۆ بنێرێت تاوەکو بتوانین پارەی ژمارەیەکی زیاتری جووتیاران دابین بکەین."
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ دابینکردنی پارەی پێویست، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە.
 
داواشی لە جووتیاران کرد بۆ ئاگاداربوون لە وادەی وەرگرتنی پارەکانیان، چاودێریی پەیجی فەرمیی "سایلۆی هەولێر" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بکەن، کە لەکاتی گەیشتنی هەر بڕە پارەیەک، لیستی ناوی ئەو جووتیارانە بڵاودەکەنەوە، کە دەتوانن سەردانیان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە