رووداو دیجیتاڵ
لە دوای ساڵی 2003ـەوە، چەند جارێک یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموار کراوەتەوە، لایەنە کوردستانییەکان گلەیییان لە یاساکە هەیە، بەهۆی ئەوەی لە یاساکەدا بە " هەنگاو" نوێنەرایەتیی کورد لە پەرلەمانی عێراق کەمکراوەتەوە، بەپێی بەدواداچوونی رووداو کورد لە بەراوردی نێوان خولی یەکەم بۆ پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرایەتیی کورد 3٪ کەمبووەتەوە، دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق "بە پێشبینی دانراون."
هەوڵی هەمواری یاساکە و کەمبوونەوەی دەنگی کورد لە پەرلەمان
سەرۆک بارزانی، لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یاسای هەڵبژاردنی بە یاسایەکی نادادپەروەرانە ناوبرد و رایگەیاند، "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023ـی هەموار کراو لە 18 بازنە بەڕێوەدەچێت، دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووانە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی عێراق لە تشرینی دووەمی 2024 سەرژمێری کرد، نەیتوانی ئەو سەرژمێرییە بکاتە پێوەر و بنەما بۆ یاسای هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە خولی شەشەمدا.
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "سەرچاوەی ئامارەکانی هەڵبژاردنەکە پسولەی خۆراکە، بەڵام پسولەی خۆراک دەستکاری زۆری تێداکراوە، دەکرا لەجیاتی سەژمێریی گەشەسەندن، سەژمێری دیمۆگرافی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن".
جەعفەر ئیمینکی دەڵێ: "فرە بازنەیی بەبێ سەرژمێری ناکرێت، ئەگەر ئێستا پێداچوونەوە بکرێت چوار کورسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت"، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە 18 بازنە دەکرێت، تەنانەت هەڵەبجەش کە لە پەرلەمان دا وەکو پارێزگای ژمارە 19 دیاریکرا، نەکراوەتە بازنەی هەڵبژاردن.
بەپێی بەدواداچوونی دێسکی هەڵبژاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ساڵی 2005 رێژەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا 22.79% بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕینی یاساکە لە دوایین هەڵبژاردن دا لە ساڵی 2021 بووەتە 19.14%.
'هەموارەکانی یاسای هەڵبژاردن زیانی بۆ کورد هەبووە لە ناوچە جێناکۆکەکان'
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێکخراوی "ستێپ" بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن و سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی دوایین هەمواری یاساکە، هەڵبژاردن بە سیستمی رێژەیی سانتلیگۆ دەکرێت، کۆی دەنگی حیزبەکان دابەشی 1.7 دەکرێن."
سەربەست ئامێدی دەڵێ: "خول لەدوای خول یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموارکراوەتەوە، هەمووشی زیانی بۆ کورد هەبووە و نوێنەرایەتیی کوردستان کەمی کردووە."
بەرپرسی ئەو رێکخراوە باسی شێوازی دابەشکردنی بازنەکان دەکات: "سەرەتا کوردستان یەک بازنە بوو، بەڵام ئێستا بەپێی پارێزگاکان دابەش بووە بەسەر سێ بازنەدا. لەسەر بنەمای رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن، بەهای هەر کورسییەک دیاری دەکرێت."
سەربەست ئامێدی پێیوایە "حیزبە گەورەکان" لە عێراق یاسای هەڵبژاردن وەکو یارییەک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن، ئامانجیان ئەوەیە بەردەوام بن لە دەسەڵات و کورسیی زۆر بەدەستبێنن، بۆ هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەیە، ئەو حیزبەی زیاتر خەڵکی لەگەڵە سوودمەند دەبێت.
بەڵام خاڵی دیاری کەمبوونەوەی دەنگی کورد و نوێنەرایەتییەکەی ناوچە جێناکۆکەکانە، سەربەست ئامێدی دەڵێ: "لە کەرکووک، موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین یاساکە لەبەرژەوەندیی دەنگدەر و لایەنە کوردستانییەکان نییە."
"لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو 2021 نوێنەرایەتیی کورد لە 75ـەوە بۆ 63 نوێنەر کەمی کردووە"
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 450 هەزار و 773 کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، لەو ژمارەیە کەمتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەنگیان دا، کۆی گشتیی رێژەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان تەنیا 45.6% بوو، کەمیی بەشداریی خەڵک وای کرد کورد ئەو ژمارەی کورسییانە بەدەستنەهێنێت ئامانجی بوو، تەنیا 63 نوێنەری خەڵک لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە پەرلەمانی عێراق، لەکاتێکدا 83 بازنەی هەڵبژاردن هەبوو و دەتوانرا نوێنەری زیاتر بنێردرێت بۆ پەرلەمان.
سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن، لەبارەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و کەمبوونەوەی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا راگەیاند: "لە دوای ساڵی 2003، یەکەم یاسای هەڵبژاردن کە دەرچوو، یاسای ژمارە 96ی ساڵی بوو، ئەو یاسایە لە بەرژەوەندیی کورد بوو، چونکە عێراق یەک بازنە بوو و ئەوکات کورد 75 نوێنەری لە پەرلەمانی عێراق هەبوو."
بە گوتەی سەربەست ئامێدی، "لە ساڵی 2005 یاسای ژمارە 16 دەرچوو، عێراقی کردە 18 بازنە و 45 کورسیی قەرەبووی هەبوو ئەوکاتە کورد 58 نوێنەری هەبوو.''
یاسایەکی دیکە لە ساڵی 2010 دەرچوو، هەر بە 18 بازنە مایەوە، بەڵام 45 کورسییە قەرەبووەکە نەما و 57 نوێنەری هەبووە، دواتر لە ساڵی 2014 یاساکە جارێکی دیکە هەموار کرایەوە، سیستمی هەڵبژاردن گۆڕدرا بۆ سانتلیگۆ و 18 بازنە مایەوە، ئەو هەموارە لە بەرژەوەندیی کورد نەبوو، بەڵام 62 نوێنەری کورد چوونە پەرلەمان.
لە ساڵی 2018، پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد لە ناوچە جێناکۆکەکان، سەرۆکی رێکخراوی ستێپ دەڵێ: "ئەوە کاریگەریی لەسەر نوێنەرایەتیی کورد هەبوو، ئەو ساڵە 18 بازنە و سیستمی سانتلیگۆ بوو، دەنگەکان دابەشی 1.6 کران و ئەوکات نوێنەرایەتیی کورد بووە 56 کورسی، لە دوایین هەڵبژاردن لە ساڵی 2021 کرا، سیستم گۆڕدرا بۆ سیستمی زۆرینە و دەنگی یەکەمی نەگۆڕا، هەروەها بووە 83 بازنەی دەنگدان، ئەو گۆڕانکارییە وایکرد کورد بتوانێ 63 کورسی بەدەستبێنێ، پارتی بە 31 کورسی، یەکێتی 18، نەوەی نوێ 9 و یەکگرتوو چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریش کورسییەکی بردەوە، بەڵام لە خولی پێنجەمدا لە 2023 دا جارێکی دیکە سیستمەکە گەڕێنرایەوە بۆ سانتلیگۆ و 18 بازنەی هەڵبژاردن."
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، لە هەولێر 46%، لە سلێمانی 37% و لە دهۆک 54%ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان دا.
سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشبینی دەکات، ئەمجارە رێژەی دەنگی کورد لە جاری رابردوو کەمتر بێت و گوتی: "کورد 60 بۆ 61 کورسی بەدەستدێنێت."
پەرلەمانی کوردستان: بەپێشبینی ژمارەی کورسی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە نەک دەستوور
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "یاسای هەڵبژاردن چەند جارێک هەموار کراوەتەوە لە عێراق، لە بەرژەوەندیی کوردستان نەبووە و بەڵکو لە بەرژەوەندی حیزبە گەورەکانی عێراق بووە، لە ساڵی 2021، کورد لە دانانی 83 بازنە قازانجی کرد، بەڵام ئێستا کراوەتەوە 18 بازنە، دەنگی کورد بە گشتی کەم دەکات. لە عێراق هەموو پێکهاتەکانیان کردە یەک بازنە، ئەمەش زیانێکی زۆر بوو بۆ پێکهاتەکان و دەنگیان کەم دەکاتەوە".
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، ئەو کورسییانەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دانراون "بە دەستوور" نازانێت و دەڵێت: "هەمووی لەسەر بنەمای پێشبینی دانراوە و بە یاسا رێکنەخراوە، دەبوو زیاد بکرێت".
دەربارەی سەرژمێری و کاریگەریی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، هیوا نەسرەدین گوتی: "بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیادیکردووە و بە 45 ملیۆن کەس هەژمار دەکرێت. بەپێی یاسا، دەبێت ژمارەی کورسییەکان زیاد بکرێن، بەجۆرێک بۆ هەر 100 هەزار کەسێک کورسییەک هەبێت، بەو پێیەش دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بکرێتە 450 کورسی".
بە گوتەی هیوا نەسرەدین: "پێویستە دوای هەڵبژاردن لایەن کوردستانییەکان کاربکەن ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە و دەنگی کورد نەفەوتێت".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە 18 بازنەدا زیاتر لە 7 بەربژێر رکابەری دەکەن، لەو هەڵبژاردنەدا 9 لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەشدارن و هەموویان پێکەوە 483 بەربژێریان هەیە و لە بازنە جیاوازەکاندا رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ