رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ گیانلەدەستدان بە تەقینەوەی مین بەرزبووەتەوە. دەشڵێت هاونیشتمانییان ئاماژەکانی مەترسیی مین، بە ئاسن دەفرۆشنەوە؛ ئەگەر داریش بێت لە وەرزی زستاندا دەیسووتێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی 10ی 2025، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 10 مانگی رابردوودا، تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەویمان لە مین پاک کردووەتەوە."
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای مین، لە هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مینڕێژکرا بوو. تاوەکو ئێستا 572 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و 196 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکەش ماون. واتە نزیکەی 65٪ی ئەو رووبەرەی بە مین چێنرابوو پاککراوەتەوە.
بە گوێرەی ئاماری دەزگاکە، ساڵی 2023 زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککراونەتەوە. پاریش زیاتر لە 3 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
لەبارەی زیانی گیانی رووداوەکانەوە، سەرۆکی دەزگای مین دەڵێت، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 26 رووداو روویان داوە، بەداخەوە 10 کەس بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و 16 کەسی دیکەیش بریندار بوون. بەداخەوە ئەم ساڵ رێژەی گیانلەدەستان بە تەقینەوە مین بەرزبووەتەوە، کە لە پێشبینی ئێمەدا نەبووە."
پێرار 23 کەس و پار 8 کەس بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە
سەرۆکی دەزگای مین، هۆکاری بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە تەقینەوەی مین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هاووڵاتییان تابلۆکانی ئاماژە مەترسی هەڵدەکەنن و دەیبەن وەک ئاسن دەیفرۆشنەوە. دەشڵێت: "ئاماژەکانمان لەسەر دار دروست کرد، دارەکانیش دەبەن و لە وەرزی زستاندا دەیسووتێنن."
لەبارەی دانانی ئاماژەی مەترسیی مینەوە، سەرۆکی دەزگای مین گوتی: "دەزانین دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە، ئەم ساڵ مانگی سوور 3000 دانەی بۆ دروست کردووین؛ لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان هەموو ئەو کێڵگانەی پێویستن، ئاماژەڕێژمان کردوون؛ لە هەندێک شوێن دیسان هەڵیانکەندوون! ئەمە دوو جار زەرەرە؛ یەکیان بردنی ئاماژەکەیە و دووەمیان مەترسی سەر زەوییەکە ناهێڵێت و خەڵک هاتووچۆی لەسەر دەکات."
سەرۆکی دەزگای مین داوا لە خەڵک دەکات سەرەتا خۆیان بپارێزن؛ هیوا دەخوازێت دەسکاری ئەو ئاماژانەی مەترسیی مین نەکەن. گوتیشی: "مانگەکانی سێ، چوار و پێنجی ساڵ زیاتر ئەو رووداوانەیان تێدا روو دەدەن؛ چونکە وەرزی سەیران، چوونەدەرەوەی خەڵکە و بەهارە. بەداخەوە خەڵک خۆی ناپارێزێت."
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەکو 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 13 هەزار و 606 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی؛ لەوانە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ نزیکەی 8 هەزار کەسیش کەمئەندام بوون؛ 36 کارمەندی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 65یشیان ئەندامێک یان زیاتری جەستەیان لە دەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ