رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی شاری بۆکان، مامۆستایەک بە تووندی لە قوتابییەک دەدات و بەو هۆیەوە قوتابییەکە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 27-10-2025 لە قوتابخانەی سەرەتایی کوڕانەی باهونەر لە نێوشاری بۆکان روویداوە و مامۆستایەک کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە بە تووندی لە قوتابییەکی پۆلی شەش دەدات.
قوتابییەکە بە ناوی ئاروین پەرتەویان دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە تەندروستی تێکدەچێ و سەر و ملی ئازاری دەبێ، بۆیە بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە.
باوکی ئاروین پەرتەویان شەوی دووشەممە لە نەخۆشخانەوە ڤیدیۆیەکی کوڕەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، بە شێوەیەکی دڕندانە لە کوڕەکەی دراوە و هەربۆیە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە خەوێندراوە؛ داواش دەکات، لێپرسینەوە لەو مامۆستایە بکرێ و سزا بدرێ.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی گشتیی بۆکان رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، دۆخی تەندروستیی ئەو قوتابییە جێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕەوە بۆ بەشی گشتی گوێزراوەتەوە.
ئاروین پەرتەویان رۆژی سێشەممە لەسەر تەختی نەخۆشخانەوە باسی هۆکاری لێدانەکەی کرد و گوتی، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ قوتابییەکی دیکە بووەتە شەڕی، یاریدەدەری قوتابخانە بە تووندی لێی داوە.
خەشایار سەنعەتی، قایمقامی بۆکانیش رایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کراوەتەوە و مامۆستاکە بەشێوەی کاتی لەسەر کار لادراوە تاوەکو دەستەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە کارگێڕییەکان و هەروەها دادگە بڕیار لەسەر دۆسیەکەی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ