رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشیی تەبەق لەنێو ئاژەڵانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە. بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ رێگری لە نەخۆشی، هەر ئاژەڵێک هاوردە بکرێت کەرەنتین دەکرێت".
بەگوێرەی بەرپرسانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچە جیاکانی ئەو وڵاتە لە 270 شوێنی جیا نەخۆشیی تەبەق بڵاو بووەتەوە. ئومید خەلیلزادە، بەڕێوەبەری ڤێترنەری پارێزگای ورمێ دوێنێ رایگەیاند: "بەمەبەستی رێگریکردن و راگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تەبەق، سەرجەم بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە پارێزگاکە بۆ ماوەی 4 هەفتە دادەخرێن."
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان هیچ نەخۆشییەکی ئاژەڵان بڵاونەبووەتەوە و ئەوەشی هاوردە بکرێت کەرەنتین دەکرێت".
تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەنێوان ئاژەڵاندا خێرا بڵاودەبێتەوە، بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە. دوو شوێنی سەرەکیی ئاژەڵەکە تووشی ئەم پەتایە دەبن؛ نێودەمی، کە لیکێکی زۆر بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دواتر دەبێتە بڵقی گەورە و ئازاربەخش، ئەمەش وای لێدەکات نەتوانێت بلەوەڕێتەوە، هەروەها تووشی شەلەل دەبێت و ناتوانێت بەڕێدا بڕوات.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دایە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کە هاوردەکردنی ئاژەڵ لەژێر چاودێریدایە و گوتی: "ئاژەڵی ئێرانی هاوردە ناکەین، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی بە ترانزێت بەنێو ئێراندا هاوردە دەکرێن بۆ ماوەی سێ رۆژ کەرەنتین دەکرێن، دڵنیا دەبینەوە لە ساخییان پاشان رێگە بە هاوردنیان دەدرێت".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن مەڕ و بزن و 250 هەزار گا و مانگا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ