رووداو دیجیتاڵ
یونامی رایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پەیامی نەرێنی دەنێرێت، بەتایبەت لە دژی سیستمی فیدراڵیی عێراق و زیانیش بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیێنێت.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری کرد کە شەوی چوارشەممە "بە مووشەک" ئەنجام درا.
یونامی رایگەیاند: "هێرشەکە تەنیا لە زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان سنووردار نابێت، بەڵکو پەیامی نەرێنی دەنێرێت، بەتایبەت لە دژی سیستمی فیدراڵیی عێراق".
بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە و وەزارەتی کارەبا ناچارە لەنێوان شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان بدات.
یونامی رایگەیاند: ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی "جێگەی قبووڵکردن نییە". داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە.
ئەم رووداوە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە، محەممەد شیاع سوودانی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دا بە بەشداریی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
یونامی پێشوازی لە پێکهێنانی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کرد لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، بۆ دیاریکردنی تاوانبارانی هێرشەکە و راپێچکردنیان بۆ دادگا و لێپرسینەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ