هاونیشتمانییەکی ورمێ لە بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکاندا گیانی لەدەستدا

28-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە بنکەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی مەنسوور سەلامەت کوڕی مەحکووم و خەڵکی گوندی پێسانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، چەند کاژێرێک دوای دەستگیرکردنی، لە بنکەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی نایاسایی" دەستگیر کرابوو و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە گوازرابووەوە بنکەی 'دۆقوزپلە'ی هێزەکانی ئیتڵاعات لە شاری ورمێ، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ، هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی مەنسوور سەلامەتیان ئاگادار کردووە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەستداوە و داوایان لێکردوون بچن تەرمەکەی وەربگرنەوە.
 
بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەو گەنجە کوردەیان گوتووە، کوڕەکەیان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە بنکەکەیان بەهۆی گوشار و دڵەڕاوکێی زۆرەوە تووشی جەڵتە بووە و گیانی لەدەستداوە.
 
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە دوای بردنی بۆ دادپزیشکیی شاری ورمێی، ئەمرۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، رادەستی بنەماڵەکەی کرا و لە گۆڕستانی گوندی پێسان بەخاک سپێردرا.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندووە، ئەو گەنجە کوردە بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام هیچ لایەنێکی فەرمیی پارێزگای ورمێ تائێستا لەبارەی رووداوەکە قسەی نەکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی پیسیی هەوای شارەکەی گەیشتووەتە 161 پلە.

هەوای ورمێ "بۆ هەموو کەسێک" مەترسیدارە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایدەگەیێنێت، بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەوای شاری ورمێ لە دۆخی "ناتەندروست"ـدایە و ئاستی پیسییەکەی گەیشتووەتە 161 پلە. دەشڵێت، دۆخەکە بۆ هەموو توێژەکان مەترسیدارە.