رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی بارانبارینەوە، بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر داڕما. قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "رێگەمان داخستووە با خەڵک رێگەکە بەکارنەهێنن"
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی داڕووخانی بەشێکی چیاکەوە بۆ سەر شەقامەکە، هاتووچۆ بە تەواوی وەستاوە".
ئەو رێگەیەی هەیبەت سوڵتان، وەکو رێگەی سەرەکی نێوان قەزای کۆیە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و شاری سلێمانی بەکاردەهێندرێت. قایمقام دەڵێ: "تیمەکان چوونەتە شوێنەکە و پاکی دەکەنەوە".
تاریق حەیدەری گوتی: "داواکارین کەس نەچێتە ئەو رێگەیە و رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن، چونکە بەردەکان کەوتوون زۆر گەورەن و بە تەواوی رێگەیان داخستووە".
تیمە فریاگوزارییەکانی قەزاکە کار بۆ کردنەوەی رێگەکە دەکەن، بەڵام دیار نییە ئەمڕۆ دەتوانن رێگەکە بکەنەوە یاخود نا.
ئەگەر رێگەی هەیبەت سوڵتان بەکارنەیێت، شۆفێران دەتوانن لە رێگەی کلکەسماق یان ئاخجەلەرەوە بچن بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی.
لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ