رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان جگە لە گەرمیان، ئەم ساڵ زیاتر لە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو باران باریوە. بەهۆیەوە کانیاوەکان بووژاونەتەوە و ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان چوار بۆ پێنج مەتر بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەنتەری هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ 223.6 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 74.3 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە دهۆک 377.4 ملیمەتر و بەراورد بە ساڵی رابردوو 120.9 ملیمەتر باران باریبوو؛ تائێستا لە سلێمانی 241.4 ملیمەتر بارانباریوە، ساڵی رابردوو 209.5 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە هەڵەبجەش نزیکەی دوو هێندە، 387.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم رێککەوتە 179.5 ملیمەتر باران باریبوو.
بارانی ئەم ساڵ بۆ زیادکردنی ئاو و کشتوکاڵ بە ساڵێکی باش دادەندرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، بارانی ئەم ساڵ سەرچاوەکانی ئاوی بووژاندووەتەوە.
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانی باش باریوە بۆ کشتوکاڵ، گەنم و جۆ و بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بووەتە هۆی زۆربوونی ئاوی بەنداوەکانیش."
هیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد، رووپێوییەکی وردیان کردووە بۆ زانینی ژمارەی دۆنمی زەوی هەرێمی کوردستان و زانینی وردەکاریی چاندنی بڕی گەنم لە هەرێمی کوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکانی دەخەنەڕوو.

لە سنووری هەولێر و دەوربەری زۆرترین باران لە سنووری شەقڵاوە باریوە کە 660.5 ملیمەترە. لە سنووری دهۆک زۆرترین باران لە شیلادزێ بووە کە956 ملیمەترە. لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین باران لە قەزای پێنجوێن باریوە کە 612.7 ملیمەترە؛ لە پارێزگای هەڵەبجەش پشکی زۆرترین باران بەر تەوێڵە کەوتووە کە 545.3 ملیمەتر بارانی لێ باریوە.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە ئیدارەی گەرمیان کە کەمتر لە ساڵی باران باریوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان بارانی زۆر باریوە و دۆخی کشتوکاڵ باشە و ئەگەر مانگەکانی سێ و چوار باران ببارێت، هیچ مەترسییەک لەسەر بەرهەمی ئەم ساڵ نابێت".
ئەو راوێژکارەی وەزارتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەهۆی بڕی بارانبارینەوە زەوی شێی دروستکردووە و بەهۆیەوە بەرهەمی ئەم ساڵ باش دەبێت و پێشیش دەکەوێت لە کاتی خۆی.
لە دهۆک کە سێ هێندەی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو باران باریوە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ ساڵێکی "زۆر زۆر باشە" بۆ ئاژەڵ، گەنم و جۆ و هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە.
کانیاوەکان بووژاونەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزبووەتەوە
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، بارانی ئەم ساڵ 100% ئاوی کانیاوەکانی زیاتر کردووە و هەموو ئەو بەنداو و گۆمە دەستکردە نوێیانەش لە سنوورەکە دروستکراون سەرڕێژ بوون.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ بەنداوی گەورە هەن، بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک. رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، ئاوی هەر سێ بەنداوەکە زیادیکردووە و ئاستیان بەرزبووەتەوە. بەهۆی بارانەوە سەرچاوەکانی ئاویش بووژاونەتەوە.
بەنداوی دووکان کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، دوای بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو 26%ـی بەنداوەکە ئاوی تێدایە. کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 22ـی مانگی رابردووەوە ئاستی بەنداوەکە 4 مەتر و 25 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی كۆكردنەوەی ئاوی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەنداوی دەربەندیخان ملیارێک و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەمان رێكکەوتدا 950 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا بوو، بەوەش ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوەكە 12مەترە بەرزترە.
بەنداوی دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی بەنداوەکە باشە و 27 ملیۆن ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، پێنج مەتر ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە."
"ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە و بیر لێ نەدرێت"
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، بارانی ئەم ساڵ بۆ هەموو شتێک باش بووە، ئاوی ژێرزەوی نەبێت.
رزگار حەمەد خدر دەڵێت، بارانبارینی ئەم ساڵ کاریگەری گرنگی بۆ ئاوی ژێر زەوی نەبووە، بەتایبەت کە ناوچەکە لە چەند ساڵی رابردوودا بە وشکەساڵی و کەم بارانیدا تێپەڕیوە.
ئەو راوێژکارە داوایکرد، "کەمترین بیری ئاو لێ بدرێت، چونکە هێندە ئاوی ژێر زەوی دەردەهێنین هێندە کۆناکەینەوە؛ هۆشیاری لەم بارەیەوە زۆر گرنگە. دەبێت ئەوە لە بیرنەکەین کە ئاوی ژێر زەوی سامانی نەوەکانی دیکەی کوردستانیشە."
لە دەڤەری گەرمیان کەمترین باران باریوە و نەگەیشتووە بە ئاستی پار. بۆ نموونە، لە کەلار 96 ملیمەتر و لە کفری 91 ملیمەتر باران باریوە.
مەریوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشێکی سنووری کشتوکاڵیی گەرمیان کە پێباز و مەیدانن باران باشتر بووە لە ناوچەکانی دیکە، بەڵام زۆرینەی ناوچەکە کەمتر لە پار باریوە."
لەبارەی مەترسی وشكەساڵییەوە مەریوان عەبدوڵڵا گوتی، ئەگەر مانگەکانی دوو و سێ باران ببارێت وەکو پێشبینی دەکرێت، مەترسی لەسەر گەنمی ناوچەکە نابێت؛ گوتیشی، "باران کەم باریوە، بەڵام هاوسەنگی هەبووە و تاوەکو ئەمڕۆ گەشەی گەنم باشە و هیچ مەترسییەکی لەسەر دروست نەبووە".
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئاستی بارانبارینی ئەم ساڵ بەراورد بە پار بە گوێرەی پارێزگاکان بەمێشوەیەی خوارەوەیە:
پارێزگای هەولێر
هەولێر؛ تاوەکو ئەمڕۆ 223.6 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 74.3 ملیمەتر باران باریبوو.
قوشتەپە؛ تاوەکو ئەمڕۆ 258.7 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 81.9 ملیمەتر باران باریبوو.
خەبات؛ تاوەکو ئەمڕۆ 180.2 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 39.3 ملیمەتر باران باریبوو.
شەقڵاوە؛ تاوەکو ئەمڕۆ 660.5 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 169.8 ملیمەتر باران باریبوو.
مەخموور؛ تاوەکو ئەمڕۆ 143.5 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 44.4 ملیمەتر باران باریبوو.
گوێڕ؛ تاوەکو ئەمڕۆ 207.8 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 41 ملیمەتر باران باریبوو.
کۆیە؛ تاوەکو ئەمڕۆ 351.5 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 218.6 ملیمەتر باران باریبوو.
هەریر؛ تاوەکو ئەمڕۆ 451.1 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 135.1 ملیمەتر باران باریبوو.
پارێزگای دهۆک:
دهۆک؛ تاوەکو ئەمڕۆ 377.4 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 120.9 ملیمەتر باران باریبوو.
سیمێل؛ تاوەکو ئەمڕۆ 358.9 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 114.4 ملیمەتر باران باریبوو.
کانی ماسێ؛ تاوەکو ئەمڕۆ 912 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 231 ملیمەتر باران باریبوو.
ئامێدی؛ تاوەکو ئەمڕۆ 792 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 292 ملیمەتر باران باریبوو.
بەردەڕەش؛ تاوەکو ئەمڕۆ 266 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 72.3 ملیمەتر باران باریبوو.
شیلادزێ؛ تاوەکو ئەمڕۆ 956 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 323.5 ملیمەتر باران باریبوو.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی؛ تاوەکو ئەمڕۆ 241.4 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 209.5 ملیمەتر باران باریبوو.
بازیان؛ تاوەکو ئەمڕۆ 254.4 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 340.2 ملیمەتر باران باریبوو.
پێنجوێن؛ تاوەکو ئەمڕۆ 612.7 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 281.4 ملیمەتر باران باریبوو.
سەیدسادق؛ تاوەکو ئەمڕۆ 237.9 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 164.8 ملیمەتر باران باریبوو.
قەڵادزێ؛ تاوەکو ئەمڕۆ 455 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 282 ملیمەتر باران باریبوو.
رانیە؛ تاوەکو ئەمڕۆ 461.2 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 263.3 ملیمەتر باران باریبوو.
دووکان؛ تاوەکو ئەمڕۆ 244 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 197.4 ملیمەتر باران باریبوو.
چەمچەماڵ؛ تاوەکو ئەمڕۆ 185.5 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 197 ملیمەتر باران باریبوو.
کەلار؛ تاوەکو ئەمڕۆ 96.1 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 140.3 ملیمەتر باران باریبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ