رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جگە لە پارێزگاری بەوەکالەت، سوێندی یاساییان خوارد. دوای ئەو سوێندخواردنە بە فەرمی بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.
رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، رێبوار تەها، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای خواردنی سوێندنی یاسایی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتیی ئێمە بۆ کەرکووکییەکان جیاوازتر دەبێت. لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە پێکەوە لە ئەنجوومەندا کار دەکەین و ئاوڕ لە رابردوو نادەینەوە، بەڵکو بیر لە ئەمڕۆ و داهاتووی هاووڵاتییانی کەرکووک دەکەینەوە."
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی بکرێت. رێبوار تەها لەوبارەوە گوتی، ''لە رۆژانی داهاتوودا یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت و بە فەرمی دەستبەکاربوونمان تۆمار دەکرێت."
رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسندکرد، کە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی بۆ کرا.
بە گوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق، دەبێت لە 15 رۆژدا دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامى کۆدەبێتەوە.
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە گوتی، سەرجەم ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاساییان خوارد، جگە لە راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک؛ گوتیشی، ''دەرفەتی ماوە لە رۆژانی داهاتوودا سوێندنی یاسایی بخوات."
راکان جبووری، پاریزگاری بەوەکالەتی کەرکووک، یەكێکە لە ناوە پێشنیازکراوەکانی هاوپەیمانێتیی پێکهاتەی عەرەب بۆ پۆستی داهاتووی پارێزگار کە لە ساڵی 2017ـوە و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بەوەکالەت پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە بووە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت؛ لە هەڵبژاردنەکەدا یەکێتى پێنج کورسی و پارتى دوو کورسی ئەو ئەنجوومەنەیان بەدەستهێنا؛ فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانەکانیش کورسییەکی کۆتایان هەیە.
تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکان لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگار رێکنەکەوتوون.
حەسەن مەجید، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی پارتی لەوبارەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئێمە وەکو پارتی دەرگەی دانوستاندنمان بە رووی هیچ لایەن و پێکهاتەیەکدا دانەخراوە و هیوادارین بتوانین پارێزگارێکی کورد کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان بکات، هەڵبژێرین."
حەسەن مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی ئامادەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت و دەڵێت، ''تاوەکو ئێستا پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بەدەستەوە نەبووە. ئەگەر هەندێک حیزب و پێکهاتەی دیکە تاقییان کردووەتەوە، با ئێمەش وەکو پارتی پۆستەکە تاقی بکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ