رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوو گەنجی خەڵکی زیقاری دەستگیرکردووە، "دوای ئەوەی 35 ملیۆن دیناریان لە باوکیان و دزیوە و هەڵاتوون بۆ سلێمانی".
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەم رووداوە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، باوکێک لە پارێزگای زیقار سکاڵا لای پۆلیس تۆمار دەکات کە دوو کوڕی مێرمنداڵی دیارنەماون و رەنگە "رفێندرابن"، پۆلیسی زیقاریش نووسراو بۆ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەکات.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو گەنجانە تەنیا بۆ ماوەی چوار کاژێر دیارنەماون و ئەمان توانیویانە بیاندۆزنەوە، دواتر بۆیان دەرکەوتووە بە دزیکردن تۆمەتبارن و دەستگیریان کردوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەدوای بەدەستگەیشتنی نووسراوێکی پۆلیسی پارێزگای زیقار، لەسەر سکاڵای باوکێک سەبارەت بە دیارنەمانی دوو کوڕە هەرزەکارەکەی. دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوت لە رێگەی گرووپێکی گەشتیارییەوە هاتوونەتە شاری سلێمانی و لە هۆتێلێکدا ماونەتەوە، پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەرکەوت بڕی 35 ملیۆن دیناری عێراقییان لە باوکیان بردووە و خۆیان حەشارداوە".
ئاسایش دەڵێت، هەردوو تۆمەتبارەکانیان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ