رووداو - چەمچەماڵ
لە چەمچەماڵ بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر، رێپێوان و خۆپێشاندان لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانیانەوە بەڕێوەچوو.
حوسێن مام سابیر، بەرپرسی رێکخراوەیی و رێکخەری خۆپێشاندانەکە رایگەیاند، "دەمانەوێت بەم کارە، پەیامی یەکڕیزیی هەموو کورد بگەیێنین." عەلی محەممەد کە پێشمەرگەیە و بەشداریی خۆپێشاندانەکەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، "تاوانی ئێمە بەس کوردبوونمانە و وڵاتان تێر ناخۆن لە خوێنڕشتنمان."
گردبوونەوەکە بەناوی شەش رێکخراو و یەکێتیی زانایانەوە مۆڵەتی پێدرابوو. بەرزان لوقمان، کارمەندی ئاسایش لە خۆپێشاندانەکە بەشداریی کرد و گوتی، "رۆژێک هەر دێت بە ئەنجامی ریفراندۆم و دەوڵەتی خۆمان، وەڵامی نەیاران بدەینەوە."
لە یەک کاژێردا سەدان کەس هاواریان کرد، "کورد دار بەڕووە، بە بڕین و سووتانیش هەر دەمێنێت." محەممەد عومەر، کاسبکار داوای لە هەموو خەڵک کرد، "کاڵای ئێرانی بایکۆ بکەن."
کادیرێکی حیزبی بەناوی دەریا سابیر لە خۆپێشاندانەکەدا گوتی، "هەولێر ناکەوێت، ناهەژێت، نالەرزێت و دەمێنێت." سابیر گەورەدێیی، خانەنشین هۆکاری هێرشی وڵاتانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "نایانەوێت [کورد] بە ئازادی بژین."
خۆپێشاندان کۆتاییهات، بەڵام گازندە و ناڕەزایەتییەکان لە دڵی هەزاران کەسدا هەر ماوە و دەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ