رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو بەهۆی هەبوونی تەماتەی عێراقییەوە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمەی لە دەرەوە قەدەخە کرد. بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر دەڵێت، پێشتر لەبەر تەماتەی ئێرانی تەماتەی عێراقی بازاڕی نەبوو، بەڵام "ئێستا بازاڕی زۆر باشە."
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان 22ـی ئەم مانگە رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیاران و چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمێکی زۆری تەماتەی خۆماڵی جووتیارانی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، هاوردەکردنی تەماتەیان لە وڵاتانی دەرەوە قەدەخە کردووە.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە 25ـی مانگ لە گومرگ و دەروازەکانەوە دەست بە جێبەجێکردنی کرا. لەو رۆژەوە هاوردەکردنی تەماتە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."
بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر کە رۆژانە بە مەیدانی سەردانی عەلوەکان دەکەن، دەڵێت، بڕیارەکە نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و ئێستاش لە عەلوەکاندا تەماتەی عێراقی کیلۆی لەنێوان 400 دینار بۆ 650 دیناردایە؛ گوتیشی، "پێش بڕیارەکە بەهۆی تەماتەی ئێرانییەوە تەماتەی عێراقی بازاڕی نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر باش دەفرۆشرێت."
پێش بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، تەماتە لە تورکیا، ئێران، ئوردن و سووریاوە هاوردە دەکرا.
هۆشیار جەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا بەرهەمی نێوخۆیی تەنیا کەلەرم، قەرنابیت، شێلم، چەوەندەر و خاس ماون و هاوردەکردنیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
سەوزە و میوەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رووی کواڵیتی خۆراکییەوە بە "زۆر باشتر" لە هاوردەکراوەکان دادەنرێن.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە کرابوو، ساڵی رابردوو لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی تەماتەی لە وڵاتانی دەرەوە لە بەرژەوەندی جووتیارانی کوردستان قەدەخە کرد و ئەوانیش ئەم بڕیارەیان لە بەرژەوەندی جووتیارانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ