کوردستان
چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریای نزیک لە تورکیا لە ئۆکتۆبەری 2021 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان راهێنان دەکەن. وێنە: REUTERS/Khalil Ashawi
رووداو دیجیتاڵ
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە؛ باس لەو هەڵمەتی بەعەرەبکردنەش دەکات لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی دەکرێن و دەڵێت، تورکیا لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە هاووڵاتی بردووەتە ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کە لەژێر کۆنترۆڵیدان.
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW) راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و هێزەکانی نزیکی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "تورکیا بەرپرسیارییەتی پێشلکارییە جیدییەکان و تاوانی جەنگی لە ئەستۆدایە کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی و گرووپە چەکدارییە نێوخۆییەکان کە پاڵپشتییان دەکات، ئەنجام دەدرێت".
بەعەرەبکردن لە رۆژئاوای کوردستان
هیومن رایتس وۆچ ئاماژە بەو هەڵمەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیایە دەکات چەند ساڵێکە لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، دوای هەڵاتنی خەڵکی هەرێمی عەفرین بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ساڵی 2018 و چوونە دەرەوەی خەڵک لەو شارە لە ساڵانی دواتردا "تورکیا بەشێوەیەکی خێرا خێزانە عەرەبەکانی لە غوتەی رۆژهەڵاتەوە گواستەوە بۆ نێو خانووی ئەو خێزانە کوردانەی عەفرینیان چۆڵکردبوو. ئەوەش نموونەیەکی روون بوو لەو هەڵمەتی گۆڕینی دیموگرافیەی ناوچەکە کە تورکیا ئەنجامی دەدات بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد لە عەفرین".
رێکخراوەکە باس لەوە دەکات، دواتر خێزانی زیاتر لە غوتەی رۆژهەڵات، ناوچەکانی دەرەوەی دیمەشق، باکووری حەما و ئیدلبەوە چوونە عەفرین. بۆ نموونە، تەنیا لە کانوونی یەکەمی 2020دا نزیکەی 13 هەزار چوونە عەفرین.
بەگوێرەی پێگەی AGAPS کە لێکۆڵینەوە لە دۆخی مرۆیی لە 150 وڵاتی جیهان دەکات و لە کانوونی یەکەمی 2020 لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ژمارەی دانیشتوانی عەفرین لەو کاتەدا 442 هەزار کەس بوو و لەو ژمارەیەش 157،278 کەسیان خەڵکی رەسەنی شارەکە بوون کە زۆرینەیان کورد بوون.
هەروەها 285,550 کەسیشیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سووریا بوون و چوونەتە عەفرین کە زۆربەیان عەرەبی سووننە بوون. هیومن رایتس وۆچ باس لەوە دەکات، هەمان دۆخ لە سەرێ کانی و گرێ سپیش دەبیندرێت.
ئەو رێکخراوە ئاماژە بە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تێیدا هاتووە، لە ئۆکتۆبەری 2019ـەوە سەرێ کانی و گرێ سپی رووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی بوونەتەوە، بە جۆرێک بەشی زۆری دانیشتووانەکەیان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و رووبکەنە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان یان ئەوەی وڵات بە تەواوی جێبێڵن.
ئەشکەنجەدان
هیومن رایتس وۆچ دەڵێت، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە ئەشکەنجەی هاونیشتمانییان دەدەن.
هیومن رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات، "کوردی ئەو ناوچانە بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێزانەی ناوچەیەکی زۆری باکووری رۆژهەڵاتی سووریایان لەژێر دەسەڵاتدایە [هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە]، بەشی زۆری ئەو ئەشکەنجەیەیان بەرامبەر دەکرێت".
لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاری لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی تۆمارکراون. ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیادان.
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە بەشداریکردن و سەرپەرشتیکردنی ئەو پێشێلکارییانە تێوەگلاون".
ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ دەڵێت، "بەرپرسانی تورکیا رۆڵێکی تەماشاکەر لە ئازاردان و ئەشکەنجەدان نابینن، بەڵکو وەکو دەسەڵاتێکی داگیرکەر بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و لە هەندێک دۆخیشدا راستەوخۆ لە تاوانی جەنگ تێوەگلاون".
هیومن رایتس وۆچ قسەی لەگەڵ 16 کەسی خەڵکی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی کردووە کە پێشتر لە زیندانەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لەو ناوچانەدا بوون.
ئەو کەسانە ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆر بە خراپی ئەشکەنجەیان داون و ئەشکەنجەکەش چەند جۆرێک بووە، وەک بەکارهێنانی کێبڵ، وایەری کارەبا، دەرهێنانی نینۆک، هەڵواسین بە بنمیچەوە.
دیپۆرتکردنەوە
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا سەتان هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا چوونە باکووری کوردستان و تورکیا.
لە ئابی 2022دا ژمارەی پەناخوازە سووریاییەکان لە تورکیادا نزیکەی 4 ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا ژمارەیان 3 ملیۆن و 194 هەزار و 185 کەسە کە 4.42٪ی کۆی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن.
لە دوو ساڵی رابردوودا تورکیا سەتان پەناخوازی سووریایی ناردووەتەوە سووریا و بەشی زۆریان لەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و هێزە نزیکەکانیدان لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
تەنیا لە تەممووزی ساڵی رابردوودا، بەگوێرەی هیومن رایتس وۆچ، تورکیا زیاتر لە 1.700 هاووڵاتی سووریایی رەوانەی سووریا کردووەتەوە.
هیومن رایتس وۆچ داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات هانی تورکیا بدات کە ناردنەوەی زۆرەملێی پەناخوازەکان بوەستێنێت؛ داوا لە یەکێتیی ئەوروپاش دەکات هاوکارییە داراییەکانی بۆ نێوەندەکانی کۆچبەران لە تورکیا بوەستێنێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەنقەرە ناردنەوەی زۆرەملێی پەناخوازەکان بۆ سووریا دەوەستێنێت.
دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی هاونیشتمانیاندا
6 ساڵ لەومەوپێش نزیکەی 97٪ی دانیشتووانی هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کورد بوون، بەڵام لە 6 ساڵی رابردوودا ژمارەکە لە کەمبوونەوەی بەردەوامدا بووە.
هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، "سەدان هەزار دانیشتووی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ماڵ و موڵکیان لەلایەن چەکدارانی سوپای نیشتیمانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە".
هەمان شت بۆ ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپیش راستە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرین کە ئێستا لە شاری حەسەکە دەژیت، قسەی بۆ هیومن رایتس وۆچ کردووە و گوتویەتی، "دەمەوێت بگەڕێمەوە، بەڵام ئەگەر ماڵ و موڵکم هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەو کەسانەدا بێت، ئەوا تەنانەت بۆ یەک چرکەش بیر لە گەڕانەوە ناکەمەوە".
کوردێکی ئێزدی خەڵکی گرێ سپیش لەو بارەوە بە رێکخراوەکەی گوتووە، "قورسترین شت بۆ من ئەوە بوو لەبەردەم خانووەکەمدا بوەستم و نەتوانم بچمە ژوورەوە".
پێشنیاز بۆ حکومەتی تورکیا
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا ژمارەیەک پێشنیاز بۆ حکومەتی تورکیا دەکات کە بریتین لە:
- دەستبەجێ ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا و کارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەکان دەکرێن بوەستێنێت و دڵنیایی بدات لەوەی هێزەکان لەوێ بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵە دەکەن.
- دەستبەجێ بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازانی سووریا بوەستێنێت.
- لێکۆڵینەوەیەکی ورد، شەفاف و بێلایەن لە هەموو ئەو تۆمەتانە بکات کە رووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دەکرێنەوە لەنێویاندا تۆمەتەکانی تاوانی جەنگ دژی هاووڵاتییانی سڤیل، دەستدرێژی سێکسی، تاڵانکردن و کوشتنی خەڵک.
- هاوئاهەنگی لە لێکۆڵینەوە سەربەخۆ و بێلایەنەکان کە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.
- رێگە بە چاودێرە نێودەوڵەتی و بێلایەنەکان بدات بدات سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە سووریا بکەن، لەنێویاندا بەندیخانە و دادگە سەربازییەکان
- هەموو ئەو کەسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ کردووە، دەبێت رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە و بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دادگایی بکرێن.
- ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی شەفافی قەرەبووکردنەوە کە هاوتا بێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە تووندوتیژیی سێکسییان بەرامبەر کراوە و ئەو کەسانەش بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت قەرەبوو بکرێنەوە.
- گەرەنتیکردنی مافی خاوەن موڵک و ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو سووریا
تورکیای ئەندامی ناتۆ، رۆڵێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریادا هەیە. ئەو وڵاتە پشتیوانی لە بەشێک لە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات.
تورکیا لە ئابی 2016 سوپای ناردە نێو خاکی سووریا و بە هاوکاریی بەشێک لەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە پشتیوانییان دەکات، جەرابلووس، باب و ئەعزازی کۆنترۆڵکرد. تورکیا رایگەیاند بە مەبەستی وەستاندنی جموجووڵەکانی داعش لەو ناوچانەدا سوپای ناردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لەلایەن ئەنقەرەوە، دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
لە تشرینی یەکەمی 2019ـەش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو شوێنانەشیان کۆنترۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ