رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاریدا ماوەى نوێکرنەوەى تۆمارى بایۆمەترى کارتى دەنگدان بۆ پێنج رۆژ درێژ بکاتەوە کە پێنجشەممە، 29ى شوبات کۆتایی هات.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-2-2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وادەى تۆمارکردنى بایۆمەترى دەنگدەران لە هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى پێنج رۆژ درێژکرایەوە.
جومانە غەلاى گوتیشى،"ئەو درێژکردنەوەیە بۆ گەرەنتیکردنى ئەوەیە زۆرترین دەنگدەر و لەدایکبووانى ساڵى 2006 ناوی خۆیان تۆماربکەن".
بەر لە درێژکردنەوەى ئەو وادەیە، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵام دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس تۆمارى دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە و مامەڵەى کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە کە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن".
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، مانگی حوزەیرانی پێشنیاز کردووە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و چاوەڕێیە سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان رۆژى هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ