رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق پاسپۆرتى مستەفا هیجرى، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە و داوا دەکات لە هەر شوێنێک بینرا، لەو کەسە وەربگیرێت کە پێیەتی و بە هەر کەسێکیش بوو، رادەستى پۆلیس بکرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە واژۆی لیوا ماجید عەدنان ئەحمەد، بەڕێوەبەرى کاروبارى پاسپۆرتی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیى پاسپۆرتى بەغدا و بەشەکانى کردووە، رەزامەندیی بەڕێوەبەرى گشتى پاسپۆرتى عێراق وەرگیراوە بۆ ئەوەى پاسپۆرتى مستەفا محەممەد ئەمین پووچەڵ بکرێتەوە.
خاوەنى ئەو پاسپۆرتەى کە پووچەڵ کراوەتەوە، مستەفا هیجرى، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو نووسراوە راستە".
نووسراوەکە لە 26ى شوبات دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، پاسپۆرتەکەى مستەفا هیجرى لە 2ى تشرینى دووەمى 2023 دەرکراوە.
سەرچاوەیەک لەنێو هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە دروستى نووسراوەکەى بۆ تۆڕى میدیایی رووداو پشتراستکردەوە، بەڵام زانیارى لەبارەى هۆکارەکەى نەدا.
لە بەشێکى دیکەى نووسراوەکەى بەڕێوەبەرى کاروبارى پاسپۆرتى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقدا هاتووە کە ئەگەر ئەو پاسپۆرتە بەکارهات، دەبێت بکشێندرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکیان و بە هەر کەسیش بێت پێویستە بنێردرێتە نزیکترین بنکەى پۆلیس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ