رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی ئەو بەربژێرە کوردە لە بەربژێرەکانەکانی دیکە جیادەکاتەوە، مێژووی بنەماڵەکەیەتی، محەممەد سابیت فورات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشگێری کوردی باکووری کوردستانە. ئەو لەسەر لیستی پارتی سەعادەت خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئامەد بەربژێر کردووە. پارتی سەعادەت، درێژکراوەی پارتی فەزیلەتە، کە لەلایەن نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیاوە دامەزراوە.
نوێنەر فاتیح، پێشکەشکاریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، لە شاری ئامەد لە نەوەی شێخ سەعیدی پیرانی پرسیوە، چۆن بوو بڕیارتدا لەسەر لیستی سەعادەت خۆت بەربژێر بکەی؟ محەممەد سابیت فورات هۆکارەکەی بۆ ئەوە پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە دەگەڕێنێتەوە، کە لەنێوان بنەماڵەکەی ئەوان و نەجمەدین ئەربەکان هەبووە.
نەوەکەی شێخ سەعید گوتی، "ئەمڕۆ هێزی چەکمان نییە، بەڵام هێزی مێشک و فکرمان هەیە و دەڵێین بە پێنووس و بە سیاسەتی دیموکراسی درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. بۆیە گوتمان 'بۆ ئامەد دەنگێکی نوێ'."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد سابیت فورات:
رووداو: ئێرە ئۆفیسی هەڵبژاردنی پارتی سەعادەتە، بەربژێرێکیان هەیە بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئامەد، بەربژێرەکە نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە. بەڕێز محەممەد سابیت فورات سڵاوت لێ بێت. لەوانەیە هەندێک لە تەماشاڤانانمان بپرسن نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران ئێستا خۆی بەربژێر کردووە لە نێو پارتی سەعادەت، بۆچی؟ بۆچی پارتێکی دیکە نا، بۆچی پارتی سەعادەت؟
محەممەد سابیت فورات: سەرۆکی یەکەمی پارتی سەعادەت پرۆفیسۆر نەجمەدین ئەربەکان بوو. نەجمەدین ئەربەکان خۆی بە رەگەز کوردە و لە بەگزادەی کۆزانە. لە کاتی سەرهەڵدانی شێخ سەعید ئەفەندی، سەبری بەگی باوکی، قازی ئەرزەڕۆم بووە، خۆیشی دۆستی شێخ سەعیدی پیران بووە. کاتێک سەرهەڵدانی شێخ سەعید ئەفەندی دەستپێدەکات، حکومەتی دەوڵەتی تورکیا ئەو نەفی دەکەن و رەوانەی سینۆپ ی دەکەن. بەهۆی پەیوەندی بەسەرهەڵدانەکەوە، ئەویش ئەزیەت و زەحمەتی دەبینێت. لەبەر ئەوە پەیوەندی خانەوادەی ئەربەکان و ئێمە نزیکەی سەد ساڵە هەیە. ئەربەکان کاتێك دەستی بە سیاسەت کرد هاتە لای شێخ عەلی رەزا ئەفەندی، کوڕی شێخ سەعید ئەفەندی و گوتی، دەمەوێت بچمە نێو سیاسەت، تۆ چیمان پێدەڵێیت، بۆچوونت چییە؟ شێخ عەلی ئامۆژگاری کرد، باسی ئەوەی کرد کە چۆن بەڕێوەدەچێت. ئێمەش ئەوسا لەلای ئەو بووین، خانەوادەی ئێمە لەلای ئەو بوو و پێکەوە لەسەر بنەمای سیاسەتی ئیسلامی پێکەوە کاریان کرد. باوکی منیش بۆ دوو قۆناخ نزیکەی هەشت ساڵ لەو پارتەدا پەرلەمانتاری ئەرزەڕۆم بوو. ئێمەش ئەمڕۆ لە نێو ئەو پارتەدا ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی گشتیین.
رووداو: وەکو خانەوادە مێژووییەکی درێژتان پێکەوە هەیە.
محەممەد سابیت فورات: بەڵێ، زۆر لە کۆنەوە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە.
رووداو: ئەمڕۆ ئێمە لە مانگی ئادارداین، لە ئاداردا لە نەورۆزدا سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەستیپێکرد، ئێستا 99 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شێخ سەعید تێپەڕ دەبێت. بڕیاربوو لە 21ـی ئاداردا 1925 دەستپێبکات و ئێستا ئێمە جارێکی دیکە لە مانگی ئادارداین، بەڵام لە دوای 99 ساڵ تۆ وەک نەوەیەکی شێخ سەعید سیاسەت دەکەیت و لێرە نووسراوە 'بۆ ئامەد دەنگێکی نوێ' ئەو دەنگە نوێیەی ئێوە بۆ ئامەد چۆن دەبێت؟
محەممەد سابیت فورات: شێخ سەعید ئەفەندی نیازی وابوو 21ـی ئادار لە نەورۆزدا هەموو خەڵکی کوردستان لە ناوەندی دیاربەکر لە ئامەد کۆبکاتەوە و سەرجەم عەشایر و سەرۆک و شێخ و بەگ و ریشسپیانی کورد بێن لەوێ پێکەوە راوێژ بکەن، کۆببنەوە و بڵێن لە پرسی کورد دا ئەم هەڵانە هەن، دەمانەوێت مافی ئینسانی، مافی ئیسلامی و مافی کوردی ئێمە بدەن، پێکەوە بڕیار بدەن. لەسەر ئەو بڕیارە یان ئەوەتا فکری ئێمە قبووڵ دەکەن، ئەگەر قبوڵی ناکەن، ئێمە دەمانەوێت سەرهەڵدان دەستپێبکەین، بەڵام بەر لەوە بە مانگێک لە 13ـی شوباتدا ئاژاوەگێڕییەک روویدا و شێخ سەعید ئەفەندی ناچار بوو سەرهەڵدانەکە دەستپێبکات. لەبەر ئەوە لە شوێنی قەڵەم ناچاربوو چەک هەڵبگرێت، ئەمڕۆ کاتێک تەماشا دەکەیت 99 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شێخ سەعید تێپەڕیوە، بەڵام لە پرسی کورددا هیچ شتێک نەگۆڕاوە و وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە. مافی ئێمەی کورد نەدراوە و نایدەن، مافی ئیسلامیمان نادەن و زەوتیان کردووە، تێکۆشانمان 99 ساڵە بەردەوامە. ئەمڕۆ ئێمە دوای 99 ساڵ هاتووینەتە ناوەندی دیاربەکر و دەڵێین، چۆن شێخ سەعید ئەفەندی 99 ساڵ بەر لەئێستا سەرهەڵدانی دەستپێکرد و و تێکۆشانی خۆی گەیاندە شوێنێک، ئەمڕۆ دوای 99 ساڵ نەوە و منداڵ و خەڵکەکەی ئەو هەموویان لەسەرپێن و درێژە بە فکری خۆیان دەدەن.
ئەمڕۆ هێزی چەکمان نییە، بەڵام هێزی مێشک و فکرمان هەیە و دەڵێین بە پێنووس و بە سیاسەتی دیموکراسی درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. بۆیە گوتمان 'بۆ ئامەد دەنگێکی نوێ'. ئەمڕۆ لە ناوەندی دیاربەکر، لە ناوەندی باکوور، لە سیاسەتی باکووردا زۆر ناکۆکی هەن. پارتی گرنگ، پارتی بەهێز سیاسەتی کورد، سیاسەتی کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. دوو هێز هەن، یەکێکیان حکومەتە واتا ئاکپارتییە، ئەوەی دیکەیان دەم پارتییە. هەردووکیشیان سیاسەتی کوردستان و سیاسەتی کورد لەنێو ناکۆکیدا دەرناهێنن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان سوودی لێوەردەگرن، لەمەش خەڵکی ئێمە پەرێشان دەبێت و مافخوراو دەبێت.
رووداو: ببنە سەرۆک شارەوانی چی بۆ ئامەد دەکەن؟
محەممەد سابیت فورات: ببینە سەرۆک شارەوانی، یەکەم شت نامانەوێت لەنێو گەلی ئیمەدا ناکۆکی دروست بێت. کاتێک دێین سەرەتا کۆتایی بەم ناکۆکییە دەهێنین. ئێستا کاتێک دەچیت بۆ شارەوانی، لە نێو سیستمی شارەوانیدا دزی زۆر هەیە، بەهەدەردان و بەرتیل و شتی خراپ هەیە. کاتێک هاتین دەڵێین بە حەق و عەدالەت و ئینسانی لەگەڵ گەلی خۆمان پێکەوە بەڕێوەی دەبەین و ئەو بەهەدەردان و خەرجی و دزییە ناهێڵین و بۆ خزمەتی ئەوان رێگەیەکی نوێ دەکەینەوە. پرۆژەی گەورەمان بۆ بازرگانیش هەیە، دەمانەوێت دیاربەکر و ئامەد و هەولێر ببنە برای یەک. ئێمە ئەو برایەتییە جێبەجێ دەکەین. ئەو برایەتییە دروستبکرێت بۆ ئەوەی بۆ هەناردەکردن و هاوردەکردن هەردوو وڵات باکوور و باشوور دەبن بە یەک و خستنەسەرکار فراوان دەبێت، بازرگانی گەورە و بەهێز دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ