رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێشنیازی خوێندنەوەى چاو و روخسار(face ID) دەکات بۆ چارەسەرکردنى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگدەران لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرپرسێکى کۆمیسیۆن دەڵێت: " جێبەجێکردنى ئەو پێشنیازە پێویستى بە پێداویستى و کامێرا هەیە و لە قۆناخى داهاتوودا یەکلا دەبێتەوە".
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کۆمیسیۆن پێشنیازێکى هەیە بۆ چارەسەری کێشەی نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەوەى لەکاتى دەنگدان ئەگەر پەنجەمۆرى دەنگدەرەکە لەلایەن ئامێرى دەنگدانەوە نەیخوێندەوە، لەبرى ئەوە پشت بە وێنەى چاو یان رووخسارى ببەسترێت کە پێشتر لەکاتى تۆمارى بایۆمەتریى دەنگدان لێى وەرگیراوە."
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێکردنى ئەو پێشنیازە پێویستى بە پێداویستى و کامێرا هەیە، ئەمەش لە قۆناخى داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رێژەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگدەران لە وێستگەیەک تاوەکو 5٪ى تێکڕاى ناوى دەنگدەرانى ئەو وێستگەیە رێگەپێدراوە، لە دواى ئەو رێژەیە ناتوانرێت بەبێ پەنجەمۆر لەو وێستگەیە دەنگ بدرێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتی، بەگوێرەى رێوشوێنەکانیان رێژەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کەمتر دەبێت لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، کە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 کرا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە 18-03-2024 رایگەیاند، بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنەکەشی بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران گەڕاندووەتەوە.
پارتی دەڵێت: "جگە لەو پێشێلکارییە دەستووریانەی لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەرامبەر یاسای هەڵبژاردن کراون، چەند رێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لە دەنگدان، کە دەکاتە 20٪ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان."
27ى ئادارى 2024 ، لیژنەى یاسایی میواندارى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى کرد، بەگوێرەى راگەیێندراوى کۆبوونەوەکە، شاندى کۆمیسیۆن چارەسەرى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆریان خستووەتە روو، لەوانە پشتبەستن بە وێنەى چاو و روخسار، ئەوە جگە لەوەى داواى لەو کۆمپانیایە دەکرێت کە گرێبەستیان لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەى ئامێرى وردتریان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەى بە خێراتر پەنجەمۆرى دەنگدەر بخوێنێتەوە.
بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیران هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى دەکات.
زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە کە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ