رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەردانى پارێزگاى نەینەوا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانى پارێزگاکە کۆدەبنەوە. کردنەوەى نووسینگەى جێبەجێکردنى مادەى 140ی دەستووری عێراق ئەجێنداى سەرەکیى سەردانەکەیە.
فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سێشەممە (30ى نیسان) سەردانی نەینەوا دەکەن و لەگەڵ جێگرى پارێزگار و نوێنەرى فراكسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگا کۆدەبنەوە، دۆخى ناوچە کوردستانییەکانى ئەو سنوورە تاوتوێ دەکەن.
لە ساڵى 2014وە نووسینگەى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستوور لە نەینەوا داخراوە، کە ئەرکەکەى قەرەبووکردنەوەى ئەو خێزانانەیە لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشوو راگوێزراون یان زەرەرمەندبوون.
فەهمى بورهان گوتى، "ئەجێنداى سەرەکیى سەردانەکە کردنەوەى ئەو نووسینگەیەیە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى".
قەزاى شنگال، مەخموور، دەشتى نەینەوا دیارترین ئەو ناوچانەن کە دەکەونە سنوورى مادەى 140، تاوەکو ئێستا ئەو ناوچانە خاوەندارێتییان لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى یەکلا نەبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ