باوەژنێک لە هەولێر ئازاری دوو منداڵ دەدات و یەکێکیان ناچار دەکات پێیەکانی ماچ بکات

30-04-2024
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
دیمەنەکان لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراون و ساتی ئازاردانی منداڵەکان نیشان دەدات
دیمەنەکان لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراون و ساتی ئازاردانی منداڵەکان نیشان دەدات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنی ساتی لێدان و ئازاردانی دوو منداڵە بەدەستی باوەژنەکەیان، لە دیمەنەکاندا کە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراون و دەست رووداو کەوتوون، دەردەکەوێت باوەژنەکە دوای لێدان یەکێک لە کچە بچووکەکان ناچار دەکات پێیەکانی ماچ بکات.
 
بەپێی گێڕانەوەی خێزانەکەی، ئەو دوو خوشکە چوار ساڵە رۆژانە لە دوای چوونی باوکیان بۆ سەر کار، رووبەڕووی لێدان و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. 
 
(د) ناوی یەکێک لەو منداڵانەیە کە تاوانی بەرامبەر کراوە، لە باسی مامەڵەی باوەژنەکەیاندا دەڵێت: "بەردەوام لێی دەداین، کاتێک دایک و باوکیشی دەهاتنە ماڵمان لە بەردەم ئاوانیش لێیان دەداین، ئەوانیش پێیان دەگوت لێیان بدە."
 
ئەو ژنەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە، هاوژینی دووەمی دێدەوانە. ساڵی 2019 ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، لە هاوژینی یەکەمی کە جیابووەتەوە دوو کچی هەیە و لە هاوژینی دووەمیشی دوو کوڕی هەن.
 
دێدەوان محەممەد، باوکی منداڵەکانە و دەڵێت: "دوای ئەوەی سەیرم دەکرد منداڵەکان رۆژ بە رۆژ جەستەیان خراپ دەبێت، هەرچەندە پێم گوتن چ کێشەتان هەیە، باسیان نەدەکرد، دوای ئەوەی کامێرامان بۆ دانا دەرکەوت ژنەکەم هەموو رۆژ لە منداڵەکان دەدات."
 
کەسوکاری منداڵەکان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی ژنەکە تۆمەتبارە بە لێدان و ئازاردانی منداڵەکان، 7 مانگە سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە، کەچی دەستگیر نەکراوە.
 
محەممەد قادر، باپیری منداڵەکانە و دەڵێت، "ئەگەر حکومەت مافی منداڵەکان وەرنەگرێت، خۆم بەشێوەی عەشائیری وەری دەگرم، ژنەکە سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبارە هەڵساوە سکاڵای لەسەر من کوڕەکەشم تۆمارکردووە کە گوایە بە زۆر منداڵەکانمان هێناوەتەوە و لێمانداون."
 
ئەو ژنەی کە تۆمەتبارە بە لێدانی منداڵەکان و پارێزەرەکەیشی رەتی ناکەنەوە کە لە منداڵەکان دراوە، بەڵام ژنەکە دەڵێت، گوایە لێدانەکە تەنیا بۆ تەمبێکردن بووە نەک ئازاردان، پارێزەرەکە چەند وێنەیەکم پێشان دەدات کە گوایە ژنەکەش لەلایەن هاوژینەکەی رووبەڕووی لێدان و ئازاردان بووەتەوە و سکاڵای تۆمارکردووە.
 
شەماڵ شێخ فازڵ، پارێزەری ژنەکە دەڵێت، "بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان ژنەکەش تووندوتیژی بەرامبەر کراوە، سکاڵامان تۆمارکردووە. منداڵەکان بە کەوگیر لێیان نەدراوە، تەنیا لێدانێک بووە بۆ تەربیەتدان، نەمبینیوە و باوەڕیش ناکەم کەسێک قاچی خۆی بە منداڵەکان ماچ بکات."
 
7 مانگە سکاڵاکە لە بەڕێوەبەرایەتیی تووندوتیژیی ئافرەتان و خێزانە، کەچی هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و دادبینی بۆ نەکراوە. دێدەوان دەیەوێت بەپێی یاسا مافی منداڵەکانی وەربگرێت و لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی رووداوەکانی ئەمڕۆ.

گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: لێکۆڵینەوە لە گرژییەکانی کەرکووک دەکەین

جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک رۆژێکی پڕ لە زەحمەتی و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق بەڕێکرد، سوپا رێگری لێکردن زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام ئەوان کۆڵیان نەدا، گرژی دروستبوو و ئازاری جووتیاران درا. نوێنەری جووتیارانی کەرکووک دەڵێت، سوپا هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە لەوەی رێگرییان لێ بکات.