رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەحمەد تورک قۆناخی چارەسەری کیمیایی تێپەڕاندووە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە.
دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی تەندروستیی ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین رایگەیاند، ''قۆناخی چارەسەری کیمیایی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند. ئێستا دەستی بە چارەسەری تیشکی کردووە''.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان هەروەها نووسیویەتی، ''باوەڕی تەواومان وایە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە و دەست بە کار و چالاکییەکانی لە پێناوی ئاشتی دەکاتەوە''.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025 بڵاویکردەوە، ئەحمەد تورک سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین تەندروستیی تێکچووە.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیای تورکیا بڵاوکرابوونەوە، ئەحمەد تورک دوای ئەوەی تەندروستیی تێکچووە، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کراوە.
ئەحمەد تورک کێیە؟
- سیاسەتڤانێکی کوردە
- رۆژی 2ی تەممووزی 1942 لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- ساڵی 1954 دەستی بە کاری سیاسی کردووە
- ساڵی 1973 بۆ یەکەمجار بووەتە پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات لە بازنەی مێردین
- لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014، 2019 و 2024 لە تورکیا، بۆ سێجار لەسەریەک بە گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردراوە
- لە ساڵانی 2016، 2019 و 2024 قەییوم لە شوێنی دانراوە
- ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ ئەو پرۆسە چارەسەرییەی لە 2024 لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورد دەستیپێکردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ