رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی کورد بە جل و ئاڵای کوردستانەوە لە "کۆنگرەی ئاشتی بۆ دیپلۆماسییەت" لە تونس بەشدارە و دەڵێت، "باسی ئەنفال، جینۆساید و دەوڵەتی کوردم کرد".
رۆژی سێشەممە، 29-4-2025، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە کۆنگرەی ئاشتی لە قاهیرە وەکو باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژێردرام، ئەمجارە لە کۆنگرەی ئاشتی لە توونس بەشداربووم. لە کۆنگرەکەدا باسی ئەنفال و مەرگەساتەکانی کوردم بۆ بەشداربووان کرد".
کۆنگرەکە چەند رۆژێکە بەردەوامە و ئەمڕۆ کۆتایی دێت؛ عادل مەلا ساڵح دەڵێت، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پرسی فەلەستین کردووە و گلەیی لە وڵاتانی عەرەبی کردووە سەبارەت بە نەبوونی هەڵوێستی پێویست بەرامبەر بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە."
ئەو بەشداربووە کوردە گوتیشی، لە خاڵێکی دیکەی گوتارەکەمدا "داوام لێکردن رۆژێک بێن و ئەو بۆنە و یادە لە کوردستان و لەژێر ئاڵای کوردستان بکەن، هەروەها باسی جینۆسایدی گەلی کوردم کرد لەلایەن عێراقەوە و گوتیشم دەوڵەتی کوردی نزیکە چ ئێستا چ چەند ساڵی داهاتوو."
رۆژی سێشەممە، 17-12-2024 عادل مەلا ساڵح لە کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە وەکو باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژێردرا. ئەو کات بە رووداوی گوت، "وەکو تاکە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بانگهێشت کرابووم لەنێو 500 ئەندامی کۆنگرەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ