پارێزەرێک: ژن هەبووە لەسەر لەبیرنەبوونی رۆژی لەدایکبوون داوای جیابوونەوەی کردووە

29-05-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن جیابوونەوە بەرنامەی جڤاک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەشێک لە هۆکارەکان بۆ لێکتێنەگەیشتنی هاوژینان دەگەڕێننەوە. پارێزەرێکیش دەڵێت، ئافرەت هەبووە لە دادگە لەسەر ئەوە داوای جیابوونەوەی لە مێردەکەی کردووە کە رۆژی لەدایکبوونی ئەوی لەبیر نییە.
 
سوورداش قادر کوردە، پارێزەرە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئافرەتان زیاتر لە پیاوان داوای جیابوونەوە دەکەن. زۆر هۆکاری جیابوونەوە ئەوەندە سادە و پووچن کە هەر بۆ ئەوە باشە بە نووکتە باس بکرێن. ئافرەت هەبووە لە دادگە لەسەر ئەوە داوای جیابوونەوەی لە مێردەکەی کردووە کە رۆژی لەدایکبوونی ئەوی لەبیر نییە. ئافرەت هەبوو دەیگوت: 'چەند ساڵە ژنی ئەو پیاوەم و چێشتی لە بەردەم دادەنێم، تاوەکو ئێستا پێی نەگوتووم دەستت خۆش بێت.' زۆر جار دەستتێوەردانی کەسی سێیەم لە ژیانی ژن و مێردە گەنجەکاندا هۆکارە بۆ جیابوونەوەیان."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا وەکو ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێکرد، زیاتر لە چوار هەزار دۆسیەی کێشەی نێوان ژن و مێردان لە دادگەکاندا تۆمار کراون کە هەموویان پەیوەندییان بە جیابوونەوە (تەڵاق) نییە، "بەڵام زۆریشیان تێدایە."
 
لیژنەکانی فەتوا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان گەلێک کێشەی جیابوونەوەی هاوژینان لەسەر هۆکاری جۆراوجۆر دەچێتە لایان و لە رێگەی ئایینییەوە چارەسەریان دەکەن یان لێکیان جیا دەکەنەوە. زۆر جاریش لە دەرەوەی لیژنەکانی فەتوا و دادگەکانیش گرێبەستی هاوسەرگیری دەکرێت کە ئەوەیش بە کێشەیەک دادەنرێت.
 
مەلا رەعد ئۆمەربلی، گوتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان گوتی: "هەندێک بابەت هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی ژن و مێرد لێک جیا ببنەوە نازانێت خەفەتی پێ بخۆیت یان پێبکەنیت! پیاو هەبووە لەسەر قاپشۆرین ویستوویەتی ژنەکەی تەڵاق بدات. دەیگوت: 'پێم گوتووە کە دەبێت لە فڵان سەعاتدا قاپەکان بشوات. مەعقوول نییە من عەسر دەچمەوە ماڵ هێشتا قاپی نیوەڕۆی نەشتووە!' پار لە لیژنەی فەتواکانی هەرێمی کوردستاندا 947 کێشەی تەڵاق هەبووە. لە هەولێردا 314 بووە، هاوکات 135 تەڵاقیشمان چاک کردووەتەوە."
 
گوتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە زۆر خراپە مامۆستایانی ئایینی لە دەرەوەی دادگە کچ و کوڕ لێک مارە بکەن، چونکە ئەگەر دواتر لێک جیاببنەوە ئایا ئەو مامۆستایە دەتوانێت مافە داراییەکانی ئافرەتەکە وەربگرێتەوە؟ بێگومان نەخێر.
 
لە هەرێمی کوردستان زۆر رێکخراوی ئافرەتان هەن کە کار لەسەر ئاشتەوایی نێوان هاوژینان دەکەن و داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان دەکەن بۆ ئەوەی مافیان نەخورێت.

 

 
پەروین حەسەن سادق، ئەندامی ئەنجوومەنی کاروباری خانمانە و گوتی، "بەشێکی زۆر لە جیابوونەوەکان لەنێوان ئەو کەسانەدان کە لە تەمەنێکی گونجاودا هاوسەرگیرییان نەکردووە و ئاگای بەرپرسیارێتی نازانن. تووندوتیژییە خێزانییەکانیش هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوەیە. زۆر گرنگە ناوەندێکی پەروەردەی هاوسەرگیری هەبێت کە بەر لە ژیانی هاوسەرگیری لەو بارەیەوە گەنجان ئامادە بکەن و هۆشیار بکرێنەوە. راستە ئێستا ناوەندی راوێژکاری هەیە، بەڵام بە بڕوای من لە ئاستی پێویستدا نییە. پێویستە ناوەندێک هەبێت و لە هەموو شارەکاندا هەبێت."
 
چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێت کە کاریگەریی لەسەر ژیانی خێزانەکان و پەیوەندییەکانیان کردووە.
 
شادی نەوزاد، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵاتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی تەڵاق ئەو قەیرانە ئابوورییەیە کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت."
 
رۆژی  2021/05/18 بەشدار مەجید، دادوەر و گوتەبێژی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە زیادبووندایە، بەڵام ئەو ژمارانەی دەگوترێن هی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نین، چونکە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی سووریا و عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی تێدان و جیابوونەوەکانی ئەوانیش هەژمار کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە