رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی دەیەی رابردوودا، تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەڵگری مەشخەڵی راستگۆیی و متمانە خۆی سەلماندووە؛ رووداو بە پابەندبوونی پتەوی بە وردی و پیشەییەوە ناوی دەرکردووە. ئێمە بەردەوام لەبەردەم ئاستەنگە زۆرەکاندا خۆڕاگربووین و هەمیشە بەهێزتر دەرکەوتووینەتەوە؛ پێگەی خۆشمان وەک سەرچاوەیەکی هەواڵیی جێگەی متمانە لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە.
رووداو لە دەستپێکی کارکردنییەوە بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئاستەنگدا سەرکەوتووە و هەموو جارێکیش بەهێزتر لە ئاستەنگەکە چووەتە دەرەوە و زیاتریش سوور بووە لەوەی هەواڵی جێگەی متمانە و بێلایەن بداتە بینەر، خوێنەر و وەرگرەکانی. بە درێژایی ئەم 10 ساڵە، پابەندبووین بە خۆتەرخانکردنمان بە بەرزترین ستاندەردی رۆژنامەڤانی و دڵنیاییمان داوە کە بینەر، خوێنەر و وەرگرەکانمان ئەو هەواڵەیان بەدەست دەگات کە جێگەی متمانەیە.
بەشێکی سەرکەوتنی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوبەشییە بەهێزەی لەگەڵ ئاژانسە هەواڵییە پێشەنگەکان دروستمان کردووە. ئەو پێکەوەکارکردنە یارمەتی رووداوی داوە بۆ ئەوەی مەودای گەیشتنی فراوانتر بکات و دەنگ و رەنگی بگاتە خەڵکی زیاتر لە شوێنی زۆرتر و دوورتری جیهان. لە رێگەی دروستکردنی هاوپەیمانیی ستراتیژییەوە پێگەی خۆمان لە میدیادا بەهێز کردووە و ئەو پێکەوەکارکردنەش یارمەتی داویین باشتر بتوانین رووماڵی وردتری رووداوە نێوخۆیی و جیهانییەکان بکەین.
میدیا لە قۆناخێکی کاریگەری گۆڕاندایە و رووداویش پابەندە بە مانەوەی لە بەرەی نوێگەرییدا. سوود لە تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمە نوێیەکان وەردەگرین بۆ ئەوەی زیاتر لە جاران لە بینەر، خوێنەر و بیسەرمانەوە نزیک بین. هەوڵدەدەین لە رێگەی سوودوەرگرتن لە هێزی دیجیتاڵمیدیاوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بینەر و خوێنەرمان دروست بکەین و بەو جۆرەش یارمەتیان دەدەین لە هەواڵەکاندا بەشدار بن و دیدگەی خۆیان دەربڕن.
کاتێک بیر لە قۆناخی داهاتوو دەکەینەوە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە رووداو پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکەی کە بریتییە لە گەیاندنی هەواڵی ورد و هاوسەنگ و ئەنجامدانی رووماڵەکانیشی بەوجۆرە. رۆژنامەڤانە لێهاتوو و ستافە بەهێزەکانمان پابەند دەبن بە بەرزترین بەهای ئەخلاقییەوە و دڵنیایی دەدەین کە کاری میدیایی ئێمە بێلایەنانە، روون و وەک خاوەن بەرزترین کواڵیتی دەمێنێتەوە.
لەکاتێکدا 10 ساڵەی دامەزراندنی رووداو پیرۆز دەکەین، پێزانینی پڕ بە دڵی خۆمان ئاراستەی بینەر، خوێنەر و هاوبەشەکانمان دەکەین کە لەم تەمەنە واتادارەدا پشتیوانیان کردووین. داواتان لێدەکەین بۆ داهاتووش لەگەڵمان بن؛ ئێمە لە داهێنان، پێدانی زانیاری و کردنەوەی دەرفەتی گفتوگۆی بۆچوونە جیاوازەکان بەردەوام دەبین. هەروەها گەنجانی کوردستان و ناوچەکە دەبینن لە داهاتوودا زیاتر لێیان نزیک دەبینەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو
29ی ئایاری 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ