د. ئیبراهیم میرانی: بەمنزیکانە کێشەی کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق چارەسەر دەبێت

29-05-2024
شیراز رەئوف
د. ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو
د. ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک چارەسەر دەبێت و راگرتنی پەیوەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە "ستەم و بڕیارێکی بەپەلە" بووە.
 
د. ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق لە چارەسەر نزیکبووەتەوە و ئێستا هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتوون، چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە کێشەکە چارەسەر بکرێت و پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی عێراق، هەندێک کەس و لایەن "رۆڵی خراپیان" لە ئاڵۆزکردنی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان بینیوە. دەڵێت، "بابەتەکە پەیوەندی بە کێشەی سیاسیی و بازرگانییەوە هەبوو، لە کاتێکدا پێشتر دادگە دوو بڕیاری لە بەرژەوەندیی کۆڕەک دەرکردبوو و کاریان پێنەکرا، بەڵام یەک بڕیاری لە بەرژەوەندیی دەستەی پەیوەندییەکان دەرکرد و راستەوخۆ جێبەجێکرا."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق:
 
رووداو: لیژنەیەکتان هەیە لەماوەی رابردوودا ئەم لیژنەیە چی کردووە لەنێوان کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان لە عێراق؟
 
د. ئیبراهیم میرانی: پێشەکی دەمەوێت دڵنیایی بدەمە 7 ملیۆن بەشداربووی کۆڕەک کە ئەم کۆمپانیایە یەکەمبوو لە بوارەکەی خۆیدا، پەیوەندییەکان جیهانێکی بەرفراوانە و وەزارەتێکیش هەیە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەیەکیش هەیە دەستەی پەیوەندییەکان، بەشی سێیەمیش کۆمپانیاکانە، سەرەتا کێشەی هەرە گرنگ لەنێو یاسای پەیوەندییەکاندا هەبوو کێشەی زۆر گەورە لەنێوان وەزارەت و دەستەکەدا هەبوو، دەسەڵاتەکانیان  تێکەڵ دەبوو و تەنانەت کێشەکە گەیشتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی کۆڕەک نەبوو بەڵکو کێشەی کۆمپانیاکانی پێوەندیکردن بوو لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان و وەزارەت، کۆمپانیاکانی "ئێرس لینک، ئاسیاسێڵ، زەین"و هەندێک کۆمپانیای بچووکی ئینتەرنێت کێشە بەردەوام هەبووە، لەبارەی کێشەی کۆڕەک، کێشەی کۆڕەک لە 2015ەوە کەڵەکەبووە لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان، کۆڕەک کاتی خۆی گرێبەستێکی روون و راشکاوی هەبووە لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان ئەویش کۆدی (0790) لە گرێبەستەکەدا دەستەکە پابەندکراوە کە ئەو کۆدە کۆمپانیای کۆڕەک بەکاریبهێنێت، کۆدەکەیان نەدا و ئەم کێشەیە لەسەرئەوە سەریهەڵدا دوای ساڵێک کۆڕەک دووجار چووە دادگە و دوو بڕیاری بەدەستهێنا کە ئەمە مافی کۆڕەکە و دەبێت ئەو کۆدە بۆ کۆڕەک بێت، ئەم کێشەیە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو تاوەکو لە کۆتایدا لیژنەکەی ئێمە وەکو چاودێریی چووە ناو کێشەکەوە تاوەکو بزانین کام لایەن خاوەن مافە، زیاتر لە ساڵێکە ئێمە وەکو لیژنەی پەیوەندیدار لە گفتوگۆداین لەنێوان کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان.
 
رووداو: ئەو گفتوگۆیانە چۆن بەڕێوەچوون لەنێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان؟
 
د. ئیبراهیم میرانی: من وەکو جێگری سەرۆکی لیژنە و وەکو نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستانیش کە ئەو کۆمپانیایە کوردستانییە رۆڵمان هەبووە، میوانداریی وەزیری پەیوەندییەکانمان کردووە، هەروەها چەندجارێک میوانداریی سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان و ئەنجوومەنی ئەمیندارانمان کردووە لەبارەی کێشەکان بە گشتیی و کێشەی کۆڕەک بە تایبەتی، تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێت کۆمپانیای کۆڕەک شایستەکانی بدات پێش چەند مانگێک، لەکاتێکدا پێشتر کۆڕەک دوو بڕیاری هەبوو کە دەبێت شایستەکانی پێبدرێت بەڵام بەداخەوە ئەو بڕیارانە جێبەجێنەکران بەڵام ئەم بڕیارەی کۆتایی کە لە بەرژەوەندی دەستەی پەیوەندییەکان بوو رژدبوون لەسەر جێبەجێکردنی و داوایانکرد کۆڕەک وەکو کۆمپانیاکانی دیکە ئەو بڕە پارانە بدات کە لە ئەستۆیەتی، کۆمپانیای کۆڕەکیش گوتی پابەند دەبین بە بڕیاری دادگە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەمە بڕێک یان دوو بڕی دیاریکراو نییە بەڵکو چەندین بەشە و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێن بۆ نموونە هەندێک بڕگە تایبەتە بە سوودی قەرزەکان و لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک وەکو قەرز هەژمارکراون کۆڕەک گرفتی نەبوو لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەڵام چەندین ساڵە سوودی سەر قەرزەکان هەژمارکراوە هەربۆیە ئێمە وەکو لیژنەی پەیوەندیدار لیژنەیەکی لاوەکیمان دروستکرد بۆ چاودێری گفتوگۆکانی کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان و چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەردوولایان ئەنجامدا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی لە هەندێک بڕە پارەی کەڵەکەبوودا ستەم لەم کۆمپانیایە کراوە، بەرپرسانی کۆڕەکیش چەندجارێک جەختیانکردووەتەوە کە هیچ گرفتێکیان نییە لە پێدانی ئەو بڕە پارانە بە دەوڵەت، بەڵام هەندێکیان پێویستە دادگە یەکلایی بکاتەوە، دەمەوێ بە کورتی بڵێم ئێمە دەیان کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەردوولا ئەنجامداوە من وەکو سەرۆکی لیژنەی لاوەکی و جێگری سەرۆکی لینەی پەیوەندییەکانیش بەڵگە و دۆکیۆمێنت و کۆنووسی کۆبوونەوەکانمان بۆ جەنابی محەممەد شیاع سوودانی ناردووە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق و راسپاردەکانی خۆمانمان بەرزکردووەتەوە کە مافی کۆڕەک ئەمەیە و مافی دەستەی پەیوەندییەکانیش ئەوەیە هەردوولاش خپشحاڵ بوون کە ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی و پیشەیی راسپاردەکانی خۆمانمان نووسیوە.
 
رووداو: هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەم دۆسێیە دەرچووە؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: چەندین بڕیار دەرچووە، بڕیاری یەکەم دەستەی پەیوەندییەکان گوتی بەشێوەیەکی گشتی ئەم راسپاردانەی لیژنەکە دادپەروەرانەیە ئەگەرچی لە هەندێکیان ناڕازین بەڵام لەسەر بنەمای ئەم راسپاردانە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک دادەنیشین، لەکاتێکدا پێشتر دەیانگوت ئێمە هیچ دانیشتنێک ناکەین و ئەمە بڕیاری دادگەیە و کۆڕەکیش دەیگوت ئێمەش دانانیشین و چاوەڕیی بڕیاری دادگە دەکەین، ئێمە گوتمان تاوەکو کەی ئەم دۆسێیە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە چونکە دەوڵەتیش زیانمەندە و ئەم بڕەپارانە لە دەستی دەوڵەت دەچێت، هەروەها بەشداربووانیش زیانمەند دەبن و کاریگەریی لەسەر کۆمپانیاکە و بەشداربووانی هەیە لەسەر ئەو بنەمایە گەیشتینە چارەسەری گونجاو لەسەر هەندێک بڕەپارە کە هەردوولا پێی رازین وەکو دەستپێکی پاکتاوکردنی پارەکان و ئەو بڕە دەستنیشانکراوانە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەوانیش گوتیان ئەمە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییە و هیچ گرفتێکمان نییە، دۆسیەکە چووە وەزارەتی دارایی و چەند تێبینییەکیان هەبوو، دواتر وەزارەتی دارایی دۆسیەکەی ناردەوە بۆ دەستەی پەیوەندییەکان و دەستەی پەیوەندییەکانیش بە فەرمی وەزارتی ئاگەدارکردەوە کە ئەمانە راسپاردەی لیژنەی پەرلەمانین و دواین نووسراویش لە 7 ئایار وەزارەتی پەیوەندییەکان ناردوویەتی بۆ دەستەی پەیوەندییەکان پێش 4 رۆژ پەیوەندیمان بە دەستەی پەیوەندییەکان کرد و گوتیان نووسراوەکەمان پێگەیشتووە بەڵام سەرۆکی دەستە گەشتێکی کاری ئەنجامداوە، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێکی باش.
 
رووداو: وەکو گوتت ئێستا کۆڕەک رەزامەندیی نیشانداوە قەرزەکانی بداتەوە، ئێستە خاڵی ناکۆک چییە؟
 
د. ئیبراهیم میرانی: خاڵی ناکۆک بڕیارەکانی دادگەیە، ئەمە کێشەیەکی یاساییە لەبارەی بڕەپارەیەک لەنێوان دەوڵەت و کۆمپانیایەک هەربۆیە ئێمە وەکو لیژنەی پەرلەمانی هاتینە ناو کێشەکە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە لەرووی یاساییەوە یەکلایی دەبێتەوە هیچ لایەک زیانمەند نەبێت.
 
رووداو: کێشەکە ئێستا لەسەر سوودی قەرزەکانە؟
 
د. ئیبراهیم میرانی: بەڵێ سوودی قەرزەکانە، کۆڕەک هیچ گرفتێکی نییە لەبارەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەڵام لەکاتێکدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگە بوو سوود لەسەر قەرزەکان دانراوە؟
 
رووداو: بڕی قەرزەکە چەندە و سوودەکەی چەندە؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: ئەمانە ژمارەی وردن پێویستە ژمێریاری کۆڕەک بڕە پارەکان دەستنیشان بکەن چونکە بەش بەشن هەندێکیان رۆتینین و تاوەکو ئێستاش کۆڕەک رادەستیان دەکات، هەندێک بڕیان پێویستە پاکتاو بکرێن.
 
رووداو: وەکو قەرز باس لە سنووری ملیارێک دۆلار دەکرێت، ئەو ژمارەیە دروستە؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: کەمترە لە ملیارێک دۆلار، چونکە لەنێو ئەو بڕەدا هەندێک بابەتی رۆتینی هەن وەکو باجی مانگانە و شێوازی دیکەی باج کە بەردەوام کۆڕەک دەیاندات بە حکومەت، بەڵام ئەوە ستەم بوو لەو کۆمپانیایە کرا، تەنانەت ئەنجوومەنی ئەمیندارانیش گوتیان ئەوە ستەمە بڕیاری دادگە روونکردنەوەی نەداوە لەبارەی سوودی قەرزەکان لەکاتێکدا لەسەر بڕیاری دادگە ئەم قەرزانەی نەداوەتەوە کۆڕەک هەندێک دژیەکیش هەبوون پێشتر هەندێک کەس موزایەدەیان لەسەر بابەتەکە دەکرد و هەندێک کەسیش هەوڵیان دەدا کێشەکە ئاڵۆزتر بکەن سوپاس بۆ خودا ئەو شتانەمان چارەسەرکرد.
 
رووداو: خاڵێک بۆ خەڵک زۆر گرنگە، زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بەکارهێنەری کۆڕەک تیلیکۆمن و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە ئاسایی ببێتەوە، ئەم کێشەیە کەی چارەسەر دەبێت؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: لەبارەی راگرتنی پەیوەندی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە بڕیارێکی زۆر بەپەلە بوو و تەنانەت دەستەی پەیوەندییەکانیش پەشیمان بوون و دانیان بەوەدا نا کە پەلەیان لەو بڕیارەدا کردووە، هۆکاری هاتنەناوەوەی لیژنەی پەرلەمانیش بۆناو ئەم کێشەیە ئەوەیە کە 7 ملیۆن کەس بەشداربووی ئەم کۆمپانیایەن و هەزاران کەس کاری تێدا دەکەن لەکاتێکدا کە کۆڕەک کۆمپانیایەکی عێراقییە، پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی کەمی داهاتوو بڕیار دەدرێت بۆ چارەسەری کێشەکان، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان بگەڕێتەوە و بڕیارێک بدرێت ئێمە پەیوەندیمان بە هەموو لایەنەکانەوە کردووە و چاوەڕێین سەرۆکی دەستە بگەڕێتەوە و پشتیوان بە خودا گەیشتووینەتە قۆناخی بڕیاردان.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن بڕیارەکە چی بێت؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: وەکو کەسێک کە ئاگەداری وردەکارییەکانم بڕیاری دادگە و یاساکان روونن، ئێمە وەکو لیژنەی پەرلەمانی پابەندین بەوەی داکۆکی لە مافی 7 ملیۆن بەشداربوو بکەین، پشتیوان بە خودا بڕیارەکە دەدرێت چونکە ئەو بڕیارەی پێشتر ستەم بووە و ئەگەر بڕیارێکی گونجاو نەدرێت ئێمەو وەکو لیژنەی پەرلەمانی لێی بێدەنگ نابین.
 
رووداو: پێشتر دەگوترا کۆمپانیای کۆڕەک دادەخرێت، یان دەگوترا کۆمپانیاکە بەهۆی ئەم گوشار و سزایەوە بە یەکجاریی دەفرۆشرێت، ئەمانە تاوەکو چەند راستن؟
 
د. ئیبرهیم میرانی: راستی سۆشیال میدیا و بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندنیش رۆڵێکی باشیان نەبوو، هاوڕێیەکی ئێمە گوتی ئەگەر کۆڕەک بڕیارەکان جێبەجێ نەکات بە یەکجاریی دادەخرێت، لەماوەی 24 کاژێردا گرنگییەکی زۆری میدیایی پێدرا دیاربوو کە بابەتەکە بابەتی سیاسیی و بازرگانییە داوا لە راگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا دەکەم کە ئەگەر هەواڵێکیان بڵاوکردەوە پیشتر دڵنیا ببنەوە دواتر بڵاوی بکەنەوە چونکەوە ئەوە بەرژەوەندی و نێوبانگی خەڵکی تری پێوەیە، هەندێکجار ئێمە لێدوانێک دەدەین نابینین راگەیاندنەکان گرنگی پێبدەن، بەڵام هەر هەمان رۆژ هەڤاڵێکی ئێمە "عەقیل فەتلاوی" لە فەرمانگەی راگەیاندن لێدوانێکی دابوو گرنگی زۆری پێدرا کە گوتبووی ئەگەر کۆڕەک پابەندییەکانی جێبەجێنەکات مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە گرنگییەکی زۆری راگەیاندنی پێدرا، بەداخەوە ئەمانە بابەتی سیاسیی و بازرگانین و خۆشتان ئاگەدارن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەندێک کێشە هەن و هەندێک کەس و راگەیاندن و لایەن دەیانەوێت بەردەوام سوود لەو گرفتانە وەربگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی