رووداو دیجیتاڵ
بریکارێکی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پارەدارنەکردنی هەرێمی کوردستان دژی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە؛ گوتیشی، ''دەکرێت لە رێگەی دانوستاندن، کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق یان سکاڵا تۆمارکردن کێشەی مووچە چارەسەر بکەین.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-05-2025، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی نەناردنی مووچە رایگەیاند، ''دروستبوونی کێشەکە بەو قەبارە گەورەیە چاوەڕواننەکراو بوو.''
فازڵ نەبی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە گوتی، ''نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی ژمارەیەک هەڵەی یاسایی تێدان کە ئێمە دەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین.''
بەگوتەی ئەو بریکارەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، یاسای بودجە بۆ یەک ساڵ کاری پێدەکرێت، ''بەڵام ئەو هەڵەیەی کە لە نووسراوەکەدا هەیە، کاتی خۆی کە یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ راگەیێندراوە، وەزیری دارایی وا بیر دەکاتەوە کە هەمووی یەک بودجەیە، لەکاتێکدا بودجەی هەر سێ ساڵ لە یەکدی جیان، بۆنموونە ئەگەر بودجەی ساڵی 2023 کێشەیەکی تێدا هەبێت، ناخرێتەوە سەر بودجەی ساڵی 2024 یان 2025، لەکاتێکدا بەگوێرەی بڕیارەکە، بابەتەکانی تایبەت بە هەر سێ ساڵ پێکەوە گرێداونەتەوە.''
رۆژی چوارشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پێی راگەیاندن کە وەزارەت "بۆی ناکرێت" بەردەوام بێت لە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، بە بڕی (13.547) تریلیۆن دینار لە کۆی خەرجی کردەیی (فعلی)."
تەیف سامی لە نووسراوەکەیدا سەبارەت بە تەمویلی مانگی ئایار، باسی لەوە کردووە کە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 19،9 تریلیۆن دینار، بەڵام تەنیا 598,5 ملیار دیناری رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.
''نووسراوەکە دژی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە''
فازڵ نەبی دەڵێت، ''یاسای بودجە هەشت بەشە، بەشی یەکەم پێی دەگوترێت شایستەی فەرمانبەران (تەعویزات موەزەفین) کە بە هیچ شێوەیەک خەرجیی کردەیی نایگرێتەوە.''
ئەو بریکارەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوە کرد، بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە هەر دۆخێکدا پێویستە مووچە لە بەغداوە بنێردرێت، ''بە هیچ شێوەیەک مافی وەزارەتی دارایی نییە کە باس لە راگرتنی مووچە بکات.''
فازڵ نەبی جەختی لەوە کردەوە، ''نووسراوەکەی وەزیری دارایی عێراق سیاسییە و دژی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە. نابێت ناردنی مووچە بەهیچ شیوەیەک رابگیرێت''.
ئەوە لەکاتێکدایە تەیف سامى وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، بە گوێرەى یاسای بودجەى گشتى و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ناتوانێت بەردەوام بێت لە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان کە گوایە پێچەوانەى یاسا و بڕیارەکانى ئەو دادگەیەیە.
''دانوستاندن، سکاڵا یان کشانە لە پڕۆسەی سیاسی دەتوانن چارەسەر بن''
ئەو بریکارەی پێشووتری وەزیری دارایی عێراق لەبارەی رێکارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی تەیف سامی دەڵێت، ''رێگەی یەکەم دانوستاندنە. پێویستە شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەت، یان سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام شاندێکی تەکنیکیی زۆر زاناش یاوەرییان بکەن بۆ ئەوەی بە چاوکراوەیی لەسەر گرفتەکان گفتوگۆ بکرێت.''
فازڵ نەبی وەکو رێگەی دووەمی چارەسەرکردنی کێشەکە ئاماژەی دا، ''ئەگەر رێگەی دانوستاندن سەری نەگرت کە 90٪ دڵنیام سەردەگرێت، دەتوانین لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا دژی بڕیارەکە تۆمار بکەین''.
ئەو بریکارەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر بڕیارەکە تۆمار بکرێت، پێویستە لەگەڵ پارێزەران ''شاندێکی زانای دارایی''ـیش بچێت، بۆ ئەوەی لە بواری زانستییەوە، بە باشی دادگە لە کێشەکە ئاگادار بکەنەوە.
فازڵ نەبی رێگەی سێیەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان بە کشانەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەزانێت و ئاماژەی دا، ''هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڵێت مادەم ئێوە بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن و بەدوای بیانوودا دەگەڕێن، ئێمە لە پڕۆسەی سیاسی دەکشێینەوە. ئەو کاتە پێویستە رێککەوتن لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هەبێت لە کە لە بەغدان.''
مووچەی ئایار دەنێردرێت؟
نووسراوەکەی وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ناردنی مووچەی مانگی ئایار بوون، ئەو بریکارەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا بەگوێرەی ئەو نووسراوەیه کە هەیە، زەحمەتە مووچەی مانگی پێنج بنێردرێت، بەڵام پێموایە گوشاری سیاسی دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.''
بەگوتەی فازڵ نەبی، گوشاری سیاسی دەتوانێت تەنیا بە شێوەی کاتی کێشەی مووچەی مانگی ئایار چارەسەر بکات، ''ئینجا بۆ مانگی شەش پێویستە ئەو شاندەی کە باسمان کرد بچێتەوە بەغدا و بە وردەکارییەوە رێککەوتنێکی بنچینەیی بکات، چونکە ئەوان هەموو کات لە وردەکارییەکاندا فێڵیان لە ئێمە کردووە.''
رۆژی 13-05-2025 بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ