شاندەکەی کەمپی مەخموور 15 رۆژە لە بەغدا دەستبەسەرن

29-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی کەمپی مەخموور 15 رۆژە لە بەغدا دەستبەسەرکراون و بڕیارە بۆ داوای ئازادکردنیان و دژی رێگری لە هاتووچۆی دانیشتووانی کەمپەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک بکرێت.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 13ـی ئەم مانگە، شاندێکی پێنج کەسی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەمپی پەنابەرانی (شەهید رۆستەم جودی) لە مەخموور، بۆ کۆبوونەوەیەک چوونەتە وەزارەتی داد لە بەغدا، رۆژی دواتر لەکاتی گەڕانەوەیان هەر لە سنووری بەغدا دەستگیرکراون.
 
بەرپرسێکی کەمپەکە ئەمڕۆ بە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندەکە چووبوون لەگەڵ وەزارەتی داد کۆببوونەوە دژی ئەو گەمارۆیەی حکومەتی عێراق لەسەری داناوین".
 
بەگوتەی بەرپرسانی کەمپەکە، لە  10ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستوونەتەسەر و رێگەی هاتووچۆی هیچ کەسێک نادەن، نە کرێکارێک بچێت بۆ کار و نە نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانە.
 
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە و دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 هەزار کەسن، لە ماوەکانی رابردوو بە پاساوی شوێنی پێگەیاندنی ئەندامی پەکەکە، تورکیا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی کەمپەکە، دوو ساڵە ناسنامەی پەنابەرییان بەسەرچووە و لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە رێگە نەدراوە نوێی بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بازگەکان پێیان دەڵێن ناسنامەتان بەسەرچووە و رێگە بە هاتووچۆیان نادەن.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیارانی کەمپەکە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانیان ئەوەیە، حکومەتی عێراق رێگری دەکات قوتابییەکانیان لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن.
 
بەرپرسانی کەمپەکە دەڵێن، رێگرییەکانی حکومەتی عێراق لە کاتێکدان، لە ساڵی 2019ـەوە رێگە نادرێت دانیشتووانی کەمپەکە هاتووچۆی هەولێر بکەن.
 
دژی گوشارەکانی سەریان، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتووانی کەمپەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەببەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.