ئەنەکەسە: لەکاتێکی نزیکدا شاندی هاوبەشی کوردیی بە یەکدەنگییەوە دەچێتە دیمەشق

29-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بچنە دیمەشق. گوتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێت، شاندەکە پەیوەندی بە شاندی هاوبەشی کوردییەوە نییە و شاندی هاوبەش لە زووترین کاتدا پێکدێت.
 
لەبارەی ئەو شاندەی بڕیارە بچێتە دیمەشقی پایتەختی سووریا، نیعمەت داوود، سەرکردە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شاندە یەکێک لەو لیژنانەیە رێککەوتنی لەسەر کراوە، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ـی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی هەسەدە دەچنە دیمەشق".
 
10ـی ئازاری ئەم ساڵ، شەرع و عەبدی رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان لە دیمەشق واژۆ کرد. لەنێویدا ئاماژە بەوەکراوە، کورد کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات. لە خاڵێکی دیکەدا باس لەوەکراوە، دەبێت "شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریادا رابگیرێت".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەچێتە دیمەشق و لە بواری سەربازیی، پەروەردەیی، ئاسایش و چەندین بڕگەی دیکەی رێککەوتنەکە گفتوگۆ دەکەن و تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و نوێنەرانی ئەنەکەسەی تێدا نییە.
 
نیعمەد داوود دەڵێت: "ئەو شاندەی بۆ رێککەوتنی 10ـی ئازار دەچێتە دیمەشق جیاوازە لە شاندی هاوبەشی کوردیی، کە ئێمە بەهیواین دروستبکرێت بە بۆچوونێکی کوردیی هاوبەشەوە بچینە دیمەشق".
 
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا چەند خاڵێک خرانەڕوو، کە بڕیاریان لێدرابوو، لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتبوو، "بە زووترین کات شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێندرێت" بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق.
 
ئەو سەرکردەیەی ئەنەکەسە گوتی: "هیوادارین ئەو شاندەی 26ـی نیسان بڕیاری لەسەر درا بە زووترین کات پێکبهێندرێت؛ بۆ ئەوەش ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و هیوادارین لایەنە هاوبەشەکانیشمان هیچ کێشەیەکیان نەبێت".
 
شاندی هاوبەشیی کوردیی بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ئەنەکەسە، کە بڕیاری پێکهێنانی دراوە، بڕیارە بچێتە دیمەشق و لەبارەی ماف و چارەنووسی گەلی کوردەوە گفتوگۆ بکەن، ئەوەش جیایە لە شاندەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، کە زیاتر لەسەر کارە کارگێڕییەکان و رێککەوتنەکەی 10ـی ئازار گفتوگۆ دەکەن.
 
هەر لەبارەی شاندی هاوبەشیی کوردەوە فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەكەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رەگ و ریشەی دۆزی کورد لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سووریا و تەنیا پەیوەست نییە بە بارودۆخی ئێستاوە. گەلی کورد تاڵاوی چەشتوە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، رووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی و بەئامانجگرتنی ناسنامە نەتەوەییەکەی بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کورد داوای مافەکانی کردووە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵاتدا، لە سەرەتاکانی شۆڕشی سووریاوە یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکان".
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت: "دوای رووخانی رژێم، بزووتنەوەی سیاسیی کوردیی، بە هەموو رەنگ و ئاراستەکانییەوە سەرکەوتوو بوو لە یەکخستنی دیدگەی خۆی لەبارەی داهاتووی دەوڵەتی سووریا، بڕیاریدا شاندێکی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع".
 
لەبارە شاندە هاوبەشەکەوە فەیسەڵ یوسف دەڵێت: "ئەم شاندە شەرعییەتی خۆی لە پشتیوانی زۆرینەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردییەکان وەردەگرێت، کە پارتە کوردییەکانی ناو ئیدارەی خۆسەریش دەگرێتەوە. شاندەکە ئامادەیە لە کاتی گونجاودا بچێتە دیمەشق، وەک ئەو لایەنەی کە بۆ نوێنەرایەتیکردنی کورد راسپێردراوە، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی کۆدەنگییەکی فراوانە لەسەر مافەکانی گەلی کورد".
 
بەگوتەی فەیسەڵ یوسف، پێکهێنانی شاندە هاوبەشەکەی کورد کاتەکەی "زۆر نزیک بووەتەوە" و لە نۆ ئەندام پێکدێت.
 
لە راگەیێندراوی ئەنجامی کۆنفرانسی 26ـی نیساندا هاتووە: "کۆنفرانسەکە بە ئامانجی گرتنەبەری دیدگەیەکی یەکگرتووی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردنی لە داڕشتنی ئایندە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناخە گرنگەی مێژووی سووریادا، دوای رووخانی رژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە 8ی کانوونی دووەمی 2024، سازکرا".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.