رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، سەنتەرێکی شێلانیان لە هەولێر داخستووە، بەهۆی ئەوەی ئەو ئافرەتانەی تێیدا کاریان دەکرد هیچ مۆڵەتێکی تەندروستیان نەبوو. باسی لەوەشکرد: "ئەم ساڵ 11 سەنتەری شێلان داخراون."
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، د. ئیسماعیل شاهۆ، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی لە بەشی سەلامەتی خۆراک و کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ جاری چوارەم سەنتەرێکی شێلانیان داخستووە و گوتی "هەفتەی رابردوو بە سێ ملیۆن دینار پێ بژاردن سزامان دان، بەڵام بەردەوامن لە دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان."
وەک بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستی هەولێر گوتی، "ئەو ئافرەتانەی لەوێ کاریان دەکرد هیچ مەرجێکی تەندروستی و مۆڵەتیان نەبوو، گڵۆپی سوور لەنێو سەنتەرەکە هەڵکرابوو، کە پێچەوانەی رێنوێنییەکانە و قەدەخەیە، بۆیە ئەو سەنتەرەمان داخست."
ئەو سەنتەرە دەکەوێتەوە سەر رێگای 100 مەتری هەولێر. د. ئیسماعیل شاهۆ دەڵێت، "شوێنەکەی گونجاو نییە و لەناو ماڵاندایە و هەموو دراوسێکان سکاڵایان هەیە، بۆیە هەوڵدەدین بەیەکجاری مۆڵەتی لێ وەربگرینەوە و ئیدی نەکرێتەوە."
بە گوتەی د. ئیسماعیل شاهۆ، "ئەم ساڵ 26 ئارایشتگا 11 سەنتەری شێلان بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ